بەرێوەبەری ئاوی هەولێر: بەشێک لەماڵەکانی هەولێر 24 کاتژمێر ئاویان هەیە

0
308
رابەر حسێن، بەرێوەبەری ئاوی هەولێر

SNN-

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر جەخت لە نەبوونی کێشەی بێئاوی دەکاتەوە لە شارەکە و دەڵێت: ئەمساڵ بەهۆی تەواوکردنی پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێرای هەولێر بەرێژەیەکی بەرچاو کێشەی کەمئاوی لە هەولێر چارەسەر بووە و بە تەواوبوونی قۆناغی دووەمی پرۆژەکەش کێشەی کەمئاوی بە تەواوی لە شارەکە بۆ ماوەی 30 ساڵ چارەسەر دەبێت و بەشێک لە گەڕەکەکانیش 24 کاتژمێر ئاویان هەیە.

رابەر حسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە SNN-ی راگەیاند: لە سەنتەری شاری هەولێر کێشەی کەمی ئاومان نییە، ئەوەی هەیە لە دەوربەری هەولێر وەک (بەحرکە، شاوێس، پیرزێن) کێشەی کەمیئاوی هەیە، کە ئەویش بە گەیاندنی ئاو بە تانکەر یان لە ڕێگەی لێدانی بیری نوێوە چارەسەرمان کردووە، ئەمساڵ لە شاری هەولێر 20 بیر وشک بووە و 10 بیری نوێشمان لەو شوێنانە هەڵکەندووە بۆ چارەسەرکردنی کەمی کێشەی ئاو.

دەشڵێت: لە رێگەی پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێرای هەولێر ئاو بۆ 260 هەزار هاوبەش دابینکراوە و هەندێک لەو هاوبەشانەش 24 کاتژمێر ئاویان هەیە و هەندێک ماڵی دیکەش رۆژ نا رۆژێک ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە.

سەبارەت بەوەی کە ئایا چۆن چاودێری ئەو ماڵانە دەکەن کە 24 کاتژمێر ئاویان هەیە، بۆئەوەی بەفیڕۆی نەدەن وتیشی: لە شاری هەولێر 31 تیممان هەیە بەردەوام چاودێری ماڵان و شوێنەکان دەکەن، بۆئەوەی ئەگەر بەفیڕۆدانێکی ئاو لە هەر شوێنێک هەبوو پسوڵەی ئاگادار کردنەوەیان بۆ بکەن، راستە سەرەتا بەفیرۆدان هەبووە، بەڵام زۆر کەس بە دەم ئاگادارکردنەوەکانەوە دێن و سەرپێچییەکان کەمبوونەتەوە، بەڵام ئەگەر کەسێک هەر پابەند نەبێت و ئاو بە فیڕۆ بدات ئەوە رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و سزای توند وەردەگرێت.

دەشڵێت:هەندێک ماڵ هەیە کە حەوشە یان بەردەرگاکەی بەهۆی خۆڵبارین یان هەرشتێکی دیکەوە پیس بووبێت بیشوات بۆ یەکجار ئاساییە و سزای نادەین ئێمە لەو حاڵەتە تێدەگەین، بەڵام گەر کەسێک چەند جارێک بەردەرگا بشوات یان سۆندەکەی لە دەرەوە جێبهێڵێت و ئاو بڕوات ئیجرائاتی لەگەڵ دەکەین.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this