بڕینی بەشەخۆراکی مانگانە زیاتر دەبێت

0
214

SNN-

حکومەتی عێراق بڕیاری داوە لە سەرەتای ساڵی نوێ دەست بە بڕینی بەشەخۆراکی ئەو خێزانانە بکات، کە مووچەخۆری حکومەتن و مووچەی مانگانەیان سەرووی ملیۆنێک و 500 هەزار دینارە، بەڵام وەزارەتی بازرگانی هەرێم پشتیوانی لە بڕیارەکە ناکات و پێشنیازی کردووە، باشتر وایە پەلە نەکرێت، چونکە بارگرانییەکی زیاتر دەخاتە سەر مووچەخۆرانی هەرێم.

بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، هەر فەرمانبەرێکی حکومەت مووچەکەی لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار زیاتر بێت، بەشەخۆراکی مانگانەی خۆی و تەواوی ئەندامانی خێزانەکە دەبڕدرێت، لە بەرانبەردا سەبەتەی خۆراکی چاودێریی کۆمەڵایەتی زیاد دەکرێت.

وەزارەتی بازرگانیی هەرێمیش ئەم بڕیارە بە باش نازانێت، پێی وایە لەگەڵ بارودۆخی دارایی ئێستای مووچەخۆرانی هەرێم نەگوجاوە.

ئەیسەر ‌غەریری، وەزیری بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، ئەم بڕیارەی لە بارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییانەوە دراوە، تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە مووچەخۆرن و مووچەکانیان لە سەرووی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینارە.

ئاماژەی بەوەکردووە، کەسێک مووچەخۆر بێت و مانگانە بڕی یەک ملیۆن و نیو مووچە وەربگرێت، کەسێکی دیکەش کاسب بێت و داهاتی مانگانەی تەنیا 500 هەزار دینار بێت، نابێت حکوومەت وەک یەک پشتگیری و مامەڵەی ئابووری و داراییان لەگەڵدا بکات، پێویستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

هەروەها وتی، بڕیاری پێشووتر بە یەک ملیۆن و 500 هەزار دیاریی کرابوو، دواتر پێشنیاز کرا بکرێت بە دوو ملیۆن دینار، واتا ئەو کەسانەی مانگانە بڕی دوو ملیۆن دینار مووچە لە حکوومەت وەردەگرن، بەشەخۆراکیان ببڕدرێت، بەڵام لە سەرەتای ساڵی نوێوه‌ حکوومەت دەگەڕێتەوە سەر بڕیاری یەکەم، کە بڕی مووچەکە بە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار دیاریی کراوە.

لە بارەی پشتیوانیی ئەو کەسانەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی دەیانگرێتەوە، وەزیرەکەی حکوومەتی فیدراڵ ڕایگەیاندووە، 12 بەشەخۆراکی زیادە دەدرێت بەو چینە، کە ئێستا ژمارەیان نزیکەی حەوت ملیۆن کەسە.

هەر لە بارەی بڕیارەکەی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی فیدراڵی عێراق، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانیی هەرێم ئەم بڕیارەی عێراق بە باش نازانێت، بەهۆی ئەم بارودۆخە داراییەی کە مووچەخۆرانی هەرێم تێیدان، چونکە ئەم بڕیارە هێندەی دیکە دۆخی مووچەخۆرانی کوردستان خراپتر دەکات.

نەوزاد شێخ کامیل دەشڵێت، بۆیە بە وەزارەتی بازرگانی عێراقیمان راگەیاندووە، لە جێبەجێکردنی بڕیارێکی لەم شێوەیە پەلە نەکرێت و ڕەچاوی دۆخی دارایی سەرجەم مووچەخۆران بکرێت، بە تایبەتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this