“120 ملیار دینارى داهاتى نانەوتى ئامادەیە، چارەنووسی مووچەی مانگی 11 و 12 نادیارە”

0
206

SNN-

بەگوێرەی زانیارییەکان لەبارەی دۆسیەی مووچە و ناردنی داهاتی نانەوتییەوە، دابەشکردنی مووچەیەکی دیکە پێش سەری ساڵی نوێ بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مسۆگەرە.

ئامادەسازیی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا

لەو 120 ملیار دینارەی کە وەک داهاتی ناوخۆ بڕیارە ڕەوانەی بەغدا بکرێت، 48 ملیار دیناری لە داهاتی سلێمانییە. سەرچاوەیەک لە لقی سلێمانیی بانکی ناوەندیی هەرێم ئاشکرای کردووە کە پارەکە ئامادەیە و تەنیا چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی دەکەن بۆ ئەوەی ڕەوانەی هەولێری بکەن. هاوکات وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاندووە کە تەواوی 120 ملیار دینارەکە بۆ داهاتی نانەوتیی مانگی تشرینی یەکەمی 2025 ئامادەیە و هەرکات بەغدا داوای بکات، لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە کاش دەخرێتەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

وردەکاریی لیستی مووچەی مانگەکانی کۆتایی ساڵ

سەبارەت بە لیستی مووچەی مانگی 10 هیچ کێشەیەک نییە و لە بەغدا. بۆ لیستی مانگی 11ش یادگار جەبار سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی ڕایگەیاندووە کە لیستەکە ئامادە کراوە و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی دەکرێت بۆ وردبینی، بڕیاریشە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو ڕەوانەی بەغدا بکرێت. هەروەها بەمزووانە لیستی مووچەی مانگی 12 ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی پێش 25ـی کانوونی یەکەمی 2025 ڕادەستی بەغدای بکات، چونکە لە دوای ئەو ڕێکەوتەوە خەرجیی دارایی لە عێراق ڕادەگیرێت.

فەرمان بۆ یەکە ژمێریارییەکان

بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی هەزار و 189 یەکە ژمێریارییەکە ئاگادار دەکاتەوە کە لیستی مووچەی مانگی 12ـی ئەمساڵ بە زووترین کات تەواو بکەن، تاوەکو پێش داخستنی خەرجیی دارایی عێراق، بە سیستمی پەیڕۆڵ بگاتە بەغداد.

چارەنووسی مووچە فەوتاوەکان و ئامارەکان

مووچەخۆران لەمساڵدا تەنیا نۆ مووچەیان وەرگرتووە و یەکلابووەتەوە کە مووچەیەکی دیکەش وەردەگرن، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەولێر و بەغدا هیچ بەرچاوڕوونییەکیان نەداوە لەبارەی چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 11 و 12. ئەمەش لەکاتێکدایە لە ساڵی 2023دا 9 مووچە و لە 2024یشدا 11 مووچە دابەشکران. جێگەی باسە لە عێراق لە دوێنێ چوارشەممەوە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینی سەربازی و شارستانیی مانگی 12 دەستیپێکردووە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this