كێبڕکێ لەسەر کۆشکی سەلام؛ سێ سیناریۆ چاوەڕێی پۆستی سەرۆککۆمار دەکەن

0
248

SNN

پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کە بەگوێرەی عورفی سیاسی پشکی کوردە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مافی خۆی دەزانێت، لەم خولەدا ڕووبەڕووی ململانێیەکی توند و ژمارەیەکی پێوانەیی لە بەربژێر بووەتەوە. دوای داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن و دەرکەوتنی ناوی 81 بەربژێر، ئێستا چاوەکان لەسەر سێ ئەگەر و سیناریۆی سەرەکییە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو کورسییە.

وادەی دەستووری و جەنجاڵیی بەربژێرەکان

دوێنێ دەرگای خۆپاڵاوتن بەڕووی خوازیارانی پۆستی سەرۆککۆماردا داخرا و کۆی گشتیی 81 کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە، کە پێکهاتوون لە بەربژێرانی یەکێتی، پارتی، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و ژمارەیەک کوردیش بەشێوەیەکی سەربەخۆ. بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمان (کە لە 29ی 12 بەڕێوەچوو)، سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت، ئەمەش دۆخەکەی خستووەتە بەردەم سێ سیناریۆوە.

سیناریۆی یەکەم: ڕێککەوتن و بەربژێری هاوبەش

ئەمە سیناریۆی “ئاسان”ـە؛ تێیدا یەکێتی و پارتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش ڕێکدەکەون. لەم دۆخەدا بە ئاسانی و لە گەڕی یەکەمدا بەربژێرەکە 2 لەسەر 3ی دەنگی پەرلەمانتاران (بەپێی ماددەی 70) بەدەست دەهێنێت.

یەکێتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستەکە.

پارتی ئامادەیی نیشانداوە دوو بەربژێرەکەی خۆی بکشێنێتەوە، بە مەرجێک ڕێککەوتن بکرێت و لە بەرامبەردا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت.

سیناریۆی دووەم: شکاندنی ئێسک و گەڕی دووەم

ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، هەردوولا بە بەربژێری خۆیانەوە دەچنە کێبڕکێکەوە. لەم حاڵەتەدا بە ئەگەرێکی زۆرەوە هیچکام لە بەربژێرەکان لە گەڕی یەکەمدا سەرناکەون (چونکە 2 لەسەر 3ی دەنگەکان مسۆگەر ناکەن).

بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی 70، هەڵبژاردن دەچێتە گەڕی دووەم لەنێوان دوو بەهێزترین بەربژێردا و کێ زۆرترین دەنگ بهێنێت دەبێتە سەرۆک.

لەم سیناریۆیەدا چانسی بەربژێرەکەی یەکێتی زیاترە، چونکە پارتی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی وەک پۆستێکی سیادی وەرگرتووە و جۆرێک لە کۆدەنگیی شیعە و سوننە هەیە کە سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی بێت.

سیناریۆی سێیەم: دەرچوونی بەربژێرێکی دەرەوەی دوو حیزبەکە

ئەمە سیناریۆی “سپرایز”ـە؛ تێیدا بەربژێری هیچ کام لە پارتی و یەکێتی دەرناچن. لەم دۆخەدا لایەنەکانی شیعە و سوننە بۆ ئەوەی خۆیان لە کێشەکانی ناوماڵی کورد بەدوور بگرن و باڵانس ڕابگرن، دەنگ بە بەربژێری هیچ کام لەو دوو حیزبە نادەن.

لە ئەنجامدا، دەنگیان دەچێت بۆ بەربژێرێکی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن یان کوردێکی سەربەخۆ و ئەگەری هەیە یەکێک لەوان پۆستەکە وەربگرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this