“زێڕ ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و ئەگەری گۆڕانکاری زیاتریش هەیە”

0
0

SNN-

دلێر تاهیر، سەرۆکی کۆمەڵەی زێڕنگەرانی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ SNN سەبارەت بە دۆخی بازاڕی ئاڵتوون و ناجێگیریی نرخەکان رایگەیاند، کە بازاڕی زێڕ لەم ماوەیەی دواییدا بەرزبوونەوە و دابەزینی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا دابەزینێکی بەرچاوی هەبووە.

سەرۆکی کۆمەڵەی زێڕنگەرانی سلێمانی هۆکاری ئەم دابەزین و ناجێگیرییەی بۆ ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز و کێشەی هێڵەکانی گواستنەوە گەڕاندەوە و وتی:

“بەهۆی تێکچوونی ڕێگاکان و دروستبوونی ئاڵۆزی لە گەرووی هورمز، هاتوچۆی بازرگانی پەکیکەوتووە. چەند جارێک گرژی لەو ناوچەیە دروستبووە و ئەمەش وایکردووە کاسبی و بازرگانی لەو گەرووەدا بوەستێت. لەبەر ئەوەی سەرچاوەی سەرەکی ئێمە بۆ هاوردەکردن و کڕینی ئاڵتون دوبەیە، ئەم دۆخە کاریگەری گەورەی دروستکردووە؛ چونکە نەک تەنها ئێمە، بەڵکو تەواوی جیهان بۆ کڕین و فرۆشتنی زێڕ پشت بە دوبەی دەبەستن. تێکچوونی دۆخی ئەو ناوچەیەش وایکرد تەواوی نرخەکان دابەزن.”

دلێر تاهیر ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە ئێستادا دەنگۆیەک هەیە سەبارەت بە ڕێککەوتن و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخەکان داناوە و نرخی ئاڵتوونی بەرزکردووەتەوە.

نرخەکانی زێڕ لە بازاڕی سلێمانی:

لە ئێستادا کڕین و فرۆشتنی ئاڵتوون لە بازاڕەکانی سلێمانیدا بەم شێوەیەیە:

– یەک مسقاڵ ئاڵتوونی عەیار 21: 590 دۆلار.

– یەک مسقاڵ ئاڵتوونی عەیار 18: 506 دۆلار.

– یەک لیرەی ئاڵتوون: لە نێوان 907 – 910 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

لە کۆتاییدا، سەرۆکی کۆمەڵەی زێڕنگەرانی سلێمانی وتی، “لە ئێستادا ئاڵتوون ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و ئەگەری هەیە زیاتریش بەرزببێتەوە. هاووڵاتیانیش هەستیان بەم گۆڕانکارییە کردووە، بۆیە ڕوویان لە بازاڕ کردووە بۆ کڕینی ئاڵتوون، چونکە دەزانن دۆخەکە بەرەو ڕێککەوتن دەچێت و دەیانەوێت بۆ داهاتوو سوودمەند بن لێی.”

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this