عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئامادەکاری دەکات

0
0

SNN

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاندووە، عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنی نزیکەی 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە رۆژێکدا لە رێگەی خاکی سوریاوە لە مانگی تەموزی داهاتووەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتجی حکومەتدا دێت کە ئامانجی هەمەچەشنکردنی ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوت و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕێگا نەریتیەكان لە ڕێگەی کەنداوەوە.

رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، پلانەکە هەناردەکردنی نەفتاش دەگرێتەوە لە ڕێگەی بەندەرەکانی سوریاوە، بەغداد جەخت دەكاتەوە لە پشتبەستنی بەردەوامی بەم ڕێگایە تەنانەت دوای گەڕانەوەی گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی ئاسایی کەشتیوانی، لە چوارچێوەی  سیاسەتێک بۆ بەهێزكردنی ئاسایشی هەناردەکردنی نەوت و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەیوەست بە پشتبەستن بە یەک دەروازەی هەناردەكردنی نەوت.

ئاماژە بەوەکراوە، سوریا کاردەکات بۆ فراوانکردنی توانای بەندەری بانیاس بۆ وەرگرتنی باری نەوتی عێراقی زیاتر لەڕێگەی کردنەوەی ناوچەی بەتاڵكردنی زیادە و دامەزراوە پاڵپشتییەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی رۆڵی خۆی وەک ناوەندێکی سەرەکی رێڕەوی وزە لە ناوچەکەدا.

توانای ئێستای بەندەرەکە نزیکەی 900 تانکەرە لە رۆژێکدا، بەڵام کارەکانی گواستنەوە روبەڕوی ئاستەنگی لۆجستی دەبنەوە کە پەیوەندییان بە ژێرخانی ئابوری و قەرەباڵغی هاتوچۆوە هەیە لەسەر رێگاکانی بەرەو بەندەرەکە، ئەمە جگە لە هەندێک رووداو و لێچوونی سووتەمەنی لە چەند مانگی رابردوودا.

بەرپرسانی کەرتی نەوت دووپاتی دەکەنەوە، هاوکاری نێوان بەغداد و دیمەشق بەشێکە لە هەوڵێکی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی رێگاکانی هەناردەکردنی جێگردەوە، بەشێوەیەك زامنی بەردەوامی رۆیشتنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان بكات لە هەموو بارودۆخێکداو نەرمونیانی نەزمی هەناردەکردنی وڵاتیش بەهێزبكات.

عێراق بە شێوەیەکی ئاسایی رۆژانە نزیکەی 3,6 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، ئەمەش وایکردووە هەمەچەشنکردنی رێگاکانی هەناردەکردن ببێتە هەنگاوێکی ستراتیجی بۆ پاراستنی سەقامگیری داهاتی نەوت و کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانەی پەیوەستن بە پشتبەستن بە یەک دەروازە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this