قەتەر و پاکستان: نەخشەڕێگەیەک بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لە 60 ڕۆژدا دیاریکرا

0
73

SNN –

هەردوو وڵاتی نێوەندگیر (قەتەر و پاکستان) دەقی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی یەکەمین دانیشتنی گفتوگۆ باڵاکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان لە سویسرا بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە پێشکەوتنی دڵخۆشکەر بەدەستهاتووە و نەخشەڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 ڕۆژدا داڕێژراوە.

لەسەر بنەمای ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە، گرنگترین خاڵەکانی ڕێککەوتنی لایەنەکان لە لووتکەی دەریاچەی لوسێرن لە سەیرانگەی بۆرگێنشتاک بەم شێوەیەن:

1. پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا و گروپی پسپۆڕ

ڕێککەوتن کراوە لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا کە لە ڕووی سیاسییەوە سەرپەرشتیی نێوەندگیرییەکە دەکات. گەورە دانوستاندنکاران بەردەوام ڕاپۆرت دەدەنە ئەم لیژنەیە و سەرکردایەتیی ئەو گروپانە دەکەن کە تایبەتن بە پرسی ئەتۆمی و سزاکان، هاوشان لەگەڵ گرووپێکی دیکە بۆ چاودێریکردن و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

2. دیاریکردنی وادەی ڕێککەوتنی کۆتایی

لیژنە باڵاکە لەسەر نەخشەڕێگەیەک ڕێککەوتووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 ڕۆژدا، کە دەبێتە بناغەیەک بۆ دەستپێکردنی دەستبەجێی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی دیکە.

3. هێڵی گەرم بۆ پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز

هێڵێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەنێوان لایەنەکاندا پێکهێندراوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر ڕووداو و هەڵەتێگەیشتنێک، بە ئامانجی دڵنیابوون لە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان بەنێو تەنگەی هورمزدا.

4. هێورکردنەوەی دۆخی لوبنان

لایەنەکان ڕێککەوتوون لەسەر دروستکردنی شانەیەکی هێورکردنەوە و نەهێشتنی پێکدادان لەنێوان لایەنەکان و کۆماری لوبنان بە ئاسانکاریی نێوەندگیرەکان، بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بە کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان.

بەردەوامیی گفتوگۆکان

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە گفتوگۆ تەکنیکییەکان بە درێژایی ئەم هەفتەیە لە سەیرانگەی بۆرگێنشتاک لەسەر سەرجەم پرسەکان بەردەوام دەبن. هاوکات قەتەر و پاکستان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی ئەمریکا و ئێران کردووە بۆ پابەندبوونیان بە دیپلۆماسی، و ستایشی پاڵپشتیی وڵاتانی دۆست و براشیان کردووە لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this