گەردوونناسێکى کورد: کوردستان کەوتووەتە سەر ناوچەیەکى چالاکى بوومەلەرزە

0
127

SNN-

لوقمان حەوێز گەردوونناسى کورد کە لە ئەمریکا دادەنیشێت باسلەوە دەکات کوردستان کەوتووەتە سەر ناوچەیەکى چالاکى بوومەلەرزە، ئەو نایەوێت ترس و دڵەڕاوکێ بڵاوبکاتەوە، بەڵام داوا دەکات هەر لە ئێستاوە ئامادەکارى بکرێت.

لوقمان حەوێز، نەخشەیەکى ناوچەى چالاکى بوومەلەرزەى بڵاوکردووەتەوە، هەروەکو لە نەخشەکەدا دەبینرێت، هێڵی بەیەکگەیشتن و دابڕانی پلێتی تەکتۆنی عەرەبی و پلێتی ئۆراسی (شەقبوونی ناوچەی زاگرۆس) بە ناو جەرگەی کوردستانی گەورەدا تێدەپەڕێت بەتایبەتی نزیک سنوری باشوور لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باکوور.

ئەو دەڵێت “بەداخەوە بەم هۆیەوە کوردستانی باشووریش هاوشێوەی کوردستانی باکوور، ڕۆژهەڵات و بەشێک لە ڕۆژئاوا هەروەکو گەلێک ناوچەی دیکەی جیهان کەوتووەتە سەر ناوچەیەکی چالاکی بوومەلەرزەیی”.

هێڵە ڕەشەکەی سەر نەخشەکە دیاریکەری هێڵی بەیەکگەیشتنی ئەو پلێتە تەکتۆنییانەیە لە ژێر زەویدا، زانیارییەکانی ئەم نەخشەیەش پشتیان بە داتاکانی دامەزراوەی ڕووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکی USGS بەستووە کە سەرچاوەیەکی بڕواپێکراوی جیهانییە.

لوقمان حەوێزى ئاماژەى بەوەکردووە، ئەمە مانای ئەوە نییە کە بەمزووانە بە شێوەیەکی مسۆگەر بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوودەدات، بەڵام ئەگەری ڕوودانی لەوانەیە چەندین ساڵ یان دەیەی تر سەدا سەد لە ئارادایە. بەتایبەتیش لە دیووی باکوور و خۆرهەڵاتی هێڵی بەیەکگەیشتنەکەوە مەترسییەکە بەهێزترە.

حەوێزى بۆچوونى وایە لەبەرئەوە هەر لە ئێستاوە هەرێمى کوردستان پێویستی بە ئامادەکاریی بنەڕەتی هەیە، بەتایبەتی لە بواری ئەندازیاریی بیناسازی و بەهێزکردنی ڕێنماییەکانی دروستکردنی باڵەخانەکان، لەگەڵ پێشخستنی تیمەکانی فریاگوزاری لە ڕووی ئامێر، تەکنەلۆجیا و کادیری ڕاهێنراوەوە.

لەبارەى ئەوەى دیوار و باڵەخانەکان چۆن دروست بکرێن، لوقمان حەوێز پێشنیاز دەکات “شیشی ئاسن بەشێوەی ستوونی لە بناغەی دیوارەکەوە تاوەکو سەرەوە لە ناو کەلێنەکانی بلۆکدا جێگیر بكرێت و بە چیمەنتۆ پڕبکرێتەوە، تا لە کاتی سەرهەڵدانی هێزی بڕیندا دیوارەکە ڕاستەوخۆ دانەڕمێت”.

ناوبراو چەند پێشنیازێک بۆ بیناسازی دەخاتەڕوو، بە کورتییەکەى ئەمانەن:

پەیکەری سەرەکی: بەکارهێنانی سستمی پەیکەری ئاسن یان کۆنکریتی چڕکراو بە شیشی قورس.
دیوارە ناوەکییەکان: بەکارهێنانی دیواری هاوچەرخی سووک (کەم کێش) بۆ ئەوەی باری سەر پەیکەرەکە کەم بێتەوە.
سڵاپی نهۆمەکان: بەکارهێنانی سڵاپی تەنک لەگەڵ تۆڕی ئاسنی BRC و چێنکۆ یان سیستمی پیشەسازیی پێشکەوتوو تاوەکو کێشی کۆی گشتیی باڵەخانەکە داببەزێت.
باڵەخانە بەرزەکان: ڕەچاوکردنی وردی هێزی بڕین و هێزی پێچخواردن لە پایە و دیواری بڕەردا، تاوەکو باڵەخانەکە توانای نەرمی و هەڵمژینی وزەی بوومەلەرزەی هەبێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this