حکومەتی هەرێم لێخۆشبوونێکی تری دەرکرد

0
1399

SNN

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی گەنمی جووتیاران هەناردەی دەرەوە دەکەن و بڕیارەکەش بۆ ماوەی یەک مانگ کاری پێ دەکرێت.

بە گوێرەی نووسراوێکی فەرمی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 2054 کە رۆژی یەکشەممە، 16ی ئابی 2026 دەرچووە و واژووی د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی لەسەرە، ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ کراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارێکی نوێ.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، لەسەر راسپاردەی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەبێت کاری پێویست ئەنجام بدرێت بە مەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکەن.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا روون کراوەتەوە ئەم لێخۆشبوونە گومرگییە بۆ ماوەی یەک مانگ دەبێت و وێنەیەکیش لە بڕیارەکە ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی کراوە بۆ ئاگاداری و کاری پێویست.

بۆ وەرزی ئەمساڵ، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاریدا 400 هەزار تەن گەنم لە جووتیارانی کورد وەربگرێت، ئەمەش کەمترە لە ساڵانی پێشوو. بەهۆی زۆریی بەرهەمی ئەمساڵەوە، بەشێکی زۆری گەنم لە دەرەوەی سایلۆکان و لە گۆڕەپانەکاندا ماوەتەوە، ئەمەش مەترسیی خراپبوونی لێ دەکرێت بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this