شارەزایەکی دارایی و بانکی: لابردنی سفرەکانی دینار لە ئێستادا کاتی گونجاو نییە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کەمکردنەوەی هەڵاوسان نابێت

0
0
دراوى 25 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN-

لە کاتێکدا باسی پرۆژەی لابردنی سفرەکان لە دراوی نیشتمانی لەلایەن ناوەندە داراییەکانەوە دەکرێت، شارەزایەکی دارایی و بانکی جەخت دەکاتەوە کە بارودۆخی ئێستای عێراق لەبار نییە بۆ ئەم هەنگاوە، و هۆشداریش دەدات لەوەی ئەم پرۆسەیە هێزی کڕینی پارە بەرز ناکاتەوە.

گوڵاڵە سدیق، شارەزای دارایی و بانکی، لە لێدوانێکدا بە (SNN) ڕایگەیاند: «لە ڕووی زانستی ئابوورییەوە، ئێستا کاتێکی گونجاو نییە. بۆ سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە پێویستە جێگیریی سیاسی، بەهێزیی ئەمنی، و ئابوورییەکی هەمەرەنگ (پشت نەبەستوو تەنیا بە نەوت) هەبێت».

ئاماژەی بەوەش کرد که‌ بەهۆی بەرزونزمبوونی بەردەوامی نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا، لاوازی سیستەمی بانکی، و متمانەی کز لەنێوان هاووڵاتی و دەسەڵاتی دارایی، ئەنجامدانی ئەم هەنگاوە لە ئێستادا دەکرێت ببێتە هۆی شڵەژانی بازاڕ و دروستبوونی دڵەڕاوکێ و ترس لەلای هاووڵاتییان.

ئامانجی بانکی ناوەندی چییە؟
سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەم پرۆسەیە، ئەو شارەزایە ڕوونی کردەوە کە مەبەستی سەرەکی، تەنیا ئاسانکارییەکی ئیداری و حیسابییە لە مامەڵە ڕۆژانەکاندا، لەگەڵ کەمکردنەوەی قەبارەی کاغەزی چاپکراو و ئاسانکردنی حیسابات لە سیستەمی بانیدا. بەڵام جەختی کردەوە کە لابردنی سفرەکان هیچ کاریگەرییەکی نییە لەسەر کەمکردنەوەی هەڵاوسان، چونکە ئەمە پرۆسەیەکی تەنیا ژمێرەیی و داراییە و هێزی کڕینی دراوەکە بەرز ناکاتەوە.

پارەی هاووڵاتییان چۆن دەگۆڕدرێت؟
سەبارەت بە ماف و سەروەت و سامانی هاووڵاتییان، گوڵاڵە سدیق دڵنیایی دا کە هاووڵاتییان بە هەمان بەهای بەرهەڵستکار (موقابیل) پارەی نوێ وەردەگرنەوە؛ بۆ نموونە:

لە بەرامبەر 1,000,000 دیناری کۆن، بڕی 1,000 دیناری نوێ وەردەگریتەوە.

ناوبراو سەبارەت بە پارەی هەڵگیراو لە ماڵانیش وتی: «هیچ مەترسییەکی یاسایی لەسەر فەوتانی بەهای پارەکە نییە. بانکی ناوەندی ماوەیەکی ڕاگوازراو دیاری دەکات (کە زۆر جار 1 بۆ 3 ساڵ دەخایەنێت، هەرچەندە بۆ عێراق پێدەچێت کورتخایەن بێت) و لەو ماوەیەدا هەر دوو دراوەکە پێکەوە کاریان پێ دەکرێت. هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی بانکەکانەوە پارە کۆنەکانیان بگۆڕنەوە، تەنیا کێشەیەک ڕەنگە بۆ پارەی ماڵەوە دروست ببێت ئەوەیە کە دەبێت ڕوونی بکەنەوە سەرچاوەی پارەکەیان چییە، ئەوەش بەهۆی ڕێکارەکانی ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە».

نرخی دۆلار چۆن دەبێت؟
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ SNN، ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوە دا کە هاوکێشەی بەرامبەرکردنی دۆلار لەگەڵ دیناری نوێشدا هەمان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت؛ بۆ نموونە:

ئەگەر 100 دۆلار = 150,000 دیناری کۆن بێت.

دوای لابردنی سفرەکان دەبێتە: 100 دۆلار = 150 دیناری نوێ.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this