لە شەڕی تایفییەوە بۆ سەر یەک مێز؛ ڕۆڵی حەکیمانەی مام جەلال لە پاراستنی عێراقدا

0
60

SNN-

بەرپرسان و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق تیشک دەخەنە سەر ڕۆڵی جەلال تاڵەبانی لە هێورکردنەوەی قەیرانەکان و لێکپێچانی لایەنە ناکۆکەکانی وڵات دوای ساڵی 2003، هاوکات ڕایدەگەیەنن کە ناوبراو کێشە مێژووییەکانی بە سازش و لێبووردەیی چارەسەر دەکرد.

“سەمام ئەمان”ـی عێراق و دانانی دەستوور

مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق نازناوی “سەمام ئەمان”ـی بەخشیبووە جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووترى عێراق، وەک ئاماژەیەک بۆ پاراستنی وڵات لە فیتنە و کۆکردنەوەی پێکهاتەکان. لە قۆناغەکانی دوای 2003، تاڵەبانی توانی لایەنە سوننە و شیعەکان لە کاتی خوێناویترین ناکۆکییەکاندا لەسەر یەک مێز کۆبکاتەوە و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش یەکلایی بکاتەوە. هاوکات لە بونیادنانی عێراقی نوێ و چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری هەمیشەیی ساڵی 2005ـدا ڕۆڵی سەرەکی بینی.

محەممەد بەحرولعلوم: مام جەلال “حەلالی مەشاکل” بوو

محەممەد بەحرولعلوم، سەرۆکی دامەزراوەی بەحرولعلوم ڕایگەیاند، جەلال تاڵەبانی نەک تەنیا کێشەکانی چارەسەر دەکرد، بەڵکو کەشوهەوای ناو کۆبوونەوە و کێشمەکێشەکانیشی هێور دەکردەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، کێشەکانی عێراق دەرەنجامی دەیان ساڵ ئاڵۆزی بوون و چارەسەرکردنیان ئەستەم بوو، بەڵام کاریزمای تاڵەبانی وەک برایەکی گەورە و باوکێک لە سیاسەتدا بووە چەتری کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکان.

بە وتەی بەحرولعلوم، تاڵەبانی هەمووانی لە دیوەخانەکەی خۆی کۆدەکردەوە، ئەگەر لایەنەکانیش نەچوونایە خۆی دەچووە لایان بۆ چارەسەری کێشەکان، بەهۆی ئەم ڕەفتارەشەوە لە شەقامی عێراقیدا پێی دەگوترا “حەلال مەشاکل”. لەو چوارچێوەیەشدا چەند نموونەیەکی هێنایەوە، وەک قەیرانی دەستوور لە ساڵی 2005، تەقاندنەوەی مەرقەدی عەسکەری لە سامەڕا و قەیرانی سیاسیی ساڵی 2010، کە لە هەموویاندا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر پەنایان بۆ ئەو دەبرد.

عادل عەبدولمەهدی: ڕێککەوتنی 49 بە 51 ئازایەتییەکی گەورە بوو

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق ڕایگەیاند، تاڵەبانی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەستی تەبایی بۆ لایەنەکان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان درێژ دەکرد، بە کۆچی دوایی ئەویش لایەنەکان کەناڵێکی متمانەپێکراوی گفتوگۆیان لەدەستدا.

عەبدولمەهدی ئاماژەی بە کۆبوونەوەیەکی پاریس کرد کە لەگەڵ تاڵەبانی چاویان بە مەسعود بارزانی کەوتووە و لەوێ ڕێککەوتنی 49 بە 51 کراوە؛ بە جۆرێک تاڵەبانی بەرپرسیارێتیی بەغدا و مەسعود بارزانیش هەرێمی کوردستانی لە ئەستۆ گرتووە. عەبدولمەهدی جەختی لەوە کردەوە کە لەو کاتەدا بە تاڵەبانیی گوتووە ئەم هەنگاوە ئازایەتییەکی گەورەی ئەوە بۆ پاراستنی هاوسەنگی.

قاسم ئەعرەجی: تاڵەبانی وانەی دەسەڵاتداریی بەبێ تۆڵەکردنەوە پێداین

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، تاڵەبانی لە پێگەی سەرکردایەتیی حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنی نەیاری ڕژێمی پێشووەوە گەیشتە پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵام لە لوتکەی دەسەڵاتدا مامەڵەی تۆڵەسەندنەوەی لەگەڵ کەسدا نەکرد.

ئەعرەجی وتیشی، تاڵەبانی لە سەرەتاوە لەگەڵ خودی خۆیدا ئاشتەوایی هەبوو و وەک باوک مامەڵەی لەگەڵ هەمووان دەکرد، بەمەش وانەیەکی فێرکردن کە چۆن سەرکردە لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆنەوە بچێتە لوتکەی دەسەڵات بەبێ ئەوەی دەستی بچێتە تۆڵەسەندنەوە، کە ئەمەش بووەتە میراتێکی لێبووردەیی لە مێژووی نوێی عێراقدا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this