پێنتاگۆن لە ئامادەباشیدایە؛ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە دژی ئێران بەڕێوەیە

دۆناڵد ترەمپ
SNN
واشنتن لە ئامادەباشیدایە بۆ وەشاندنی گورزێکی گەورە لە تاران؛ پێنتاگۆن فەرمانی دەستپێکردنی ئامادەکاریی سەربازیی بە فەرماندەیی ناوەندی داوە و کۆشکی سپیش دووپاتی دەکاتەوە کە سەرجەم کارتەکان لە دەستی دۆناڵد ترەمپدان بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆخەکە.
فەرمانی پێنتاگۆن بۆ سێنتکۆم
بەرپرسانی ئەمریکا بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) چەند رۆژێک لەمەوبەر فەرمانی بە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کردووە خۆی بۆ هێرشکردنەسەر ئێران ئامادە بکات، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە. هەرچەندە فەرمانەکە کاتێکی دیاریکراوی بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان تێدا نییە و دۆناڵد ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر نەداوە، بەڵام رێوشوێنەکان دەستیان پێکردووە.
وادەی پێشبینیکراو و ئامانجە سەربازییەکان
سەرچاوە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەری هەیە هێرشەکان پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس لە ئەمریکا و پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل لە 27ـی تشرینی یەکەم ئەنجام بدرێن. لە ئەگەری دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە، پێشبینی دەکرێت بۆردوومانێکی چڕ بکرێتە سەر کەرتی وزە، ژێرخان و پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران. هەروەها هەڵگیرسانی جەنگ لە ماوەی 3 بۆ 4 هەفتەی داهاتوودا دەکرێت لە رێگەی بەرزکردنەوەی نرخی نەوتەوە کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دروست بکات.
هەڵوێستی کۆشکی سپی و پێنتاگۆن
بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە ئەکسیۆسی راگەیاند، ئەرکی وەزارەتی جەنگ تەنیا داڕشتن و پێشکەشکردنی بژاردە سەربازییەکانە بە سەرۆک. هاوکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە کە ترەمپ لە هەر کاتێکدا بێت هەموو بژاردەکانی لەبەردەستدایە، هەروەها ئەمریکا بەهۆی کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز و داڕمانی ئابووریی تاران لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە. ئەو بەرپرسە روونیکردەوە کە ئێران زیانی گەورەی بەرکەوتووە و دۆخەکە بە یەکێک لە دوو رێگەکەدا دەڕوات؛ یان رێگە ئاسانەکە یان رێگە سەختەکە، ترەمپیش هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا بێت پەڕەوی دەکات.
کۆبوونەوەی هەستیاری کەمپ دەیڤد
گۆڤاری “زە ئەتلانتیک” ئاشکرای کردووە کە ترەمپ تاوتوێی لێدانی ئێران دەکات پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس. لەو چوارچێوەیەدا، رۆژی هەینی تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ چەندین کاژێر لە کەمپ دەیڤد کۆبوونەوە؛ بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئیسرائیلی، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی فراوان لە دژی تاران.
چەقبەستنی دانوستانەکان و چانسی هەڵگیرسانی جەنگ
دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و تاران هیچ پێشکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە و نێوەندگیرە قەتەرییەکان هێشتا چاوەڕوانی وەڵامی ئێرانن بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا کە داوای سازشی ئەتۆمی دەکات. بەرپرسێکی دیکەی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، گفتوگۆکان لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان زیادیکردووە؛ هەرچەندە چانسی روودانی پێش هەڵبژاردنەکان بەرز نییە بەڵام رەت ناکرێتەوە، لە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخولیش چانسی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
هاوئاهەنگیی واشنتن و تەلئەڤیڤ و دڵەڕاوکێی تاران
ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گفتوگۆی کردووە، ئەمەش دووەم پەیوەندیی نێوانیان بوو لە ماوەی چەند رۆژێکدا دوای ماوەیەک لە ساردبوونەوەی پەیوەندییەکانیان. لە ئەگەری دەستپێکردنی هێرشەکان، ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوئاهەنگیی هاوبەش و بەشداریی سوپای ئیسرائیل دەبێت. هاوکات بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە دڵەڕاوکێدان و نایانەوێت بۆ جاری سێیەم تووشی هێرشی لەناکاو ببن، ئەوەش لەوانەیە وایان لێبکات هێرشی پێشوەختە ئەنجام بدەن.
کاریگەرییەکان لەسەر هەڵبژاردنی ئیسرائیل
دەستپێکردنەوەی جەنگ راستەوخۆ کار لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلیش دەکات لە 27ـی تشرینی یەکەم، بەوپێیەی پێشبینی دەکرێت ئێران بە سەتان مووشەکی بالیستیک وەڵام بداتەوە. لە لایەکی دیکەوە، هەڵکشانی گرژییەکان یان راگەیاندنی دۆخی نائاسایی لە رووی سیاسییەوە دەکرێت لە بەرژەوەندیی نەتەنیاهوودا بێت و رێگری لە نەیارەکانی بکات لەوەی لە قۆناخی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردندا هێرشی سیاسیی بکەنە سەری.
عەباس عێراقچی بۆ نەتانیاهۆ: ئێرانیش ئەرکی هەیە هێشتا تەواو نەکراوە
24كاتژمێر لهمهوپێشئەمڕۆ دوا مۆڵەتە بۆ دانەوەی قەرزی کارەبا
تشرینی یهكهم 18, 2026
هەواڵی زیاتر
-
لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 کرا
12كاتژمێر لهمهوپێش -
دەست بە دابەشکردنی قەرزی فەرمانبەران دەکرێتەوە و بڕیاری نوێ بۆ کەرتی تایبەت درا
21كاتژمێر لهمهوپێش -
وەزیری شەهیدان: مووچەی شەهیدانی سەنگەر و جینۆساید دەکرێتە 1,200,000 دینار
22كاتژمێر لهمهوپێش
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 کرا
12كاتژمێر لهمهوپێش -
دەست بە دابەشکردنی قەرزی فەرمانبەران دەکرێتەوە و بڕیاری نوێ بۆ کەرتی تایبەت درا
21كاتژمێر لهمهوپێش
بنکۆڵکاری
-
هەولێر شاری باڵەخانە بەرزەکان بەڵام بێ ژێرخان
كانونی دووهم 5, 2022 -
بڵاوبوونەوەی ڤيديۆی سێکسی لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکاندا
تهمموز 6, 2021









