بافڵ جەلال تاڵەبانى بۆ پارتى: کێشەکانمان بچووکن و بە نیەتێکى پاکەوە وەرنەوە سەر مێزى گفتوگۆ

0
43

SNN-

بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە میانى بەشداریکردنى لە پانێڵێک لە دیدارى مێرى لە شارى هەولێر، پەیامێکى ئاڕاستەى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان کرد و داوای خێرا دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوانیانی کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و ڕایگەیاند “کێشەکانی نێوان هەردوولا بچوکن و بە ئاسانی چارەسەر دەبن.

دۆسیەی پارتی و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، یەکێتی نە دەیەوێت و نە دەشتوانێت بەبێ پارتی حوکمڕانی بکات. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەکانی نێوانیان گەورە و ستراتیژی نین، بەڵکو بابەتگەلێکی بچووکن و داوای کرد بە فەرمی و بە نییەتێکی باشەوە دانیشتنەکان دەستپێبکەنەوە، تاوەکو ئەو دوو گرووپە بکەن بە یەک و عێراق بەڕێوەببەن و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگۆڕن.

سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند کە کات کێشە نییە و ئەگەر لەسەر پرەنسیپەکان ڕێکبکەون، دەتوانن لە ماوەی 24 کاتژمێردا حکومەت پێکبهێنن. هەروەها کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان قوباد تاڵەبانی و مەسروور بارزانی کرد و بە “دانیشتنێکی زۆر باش” ناوزەندی کرد کە زەمینەیەکی گونجاو بۆ لێکتێگەیشتن دەنێن.

لە کۆتایی پەیامەکەشی بۆ پارتی، داوای خێرا دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوانیانی کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، و ڕایگەیاند “ئێمە نامانەوێت بەبێ ئێوە حکومەت پێکبهێنین”، هەروەها داوای لێ کردن کە بە نییەتێکی باش و پاکەوە بێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ چونکە دڵی یەکێتی زۆر پاکە و ئامادەی هەنگاوی کردارین.

رێککەوتن لەگەڵ نەوەی نوێ

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی یەکێتی بەرگری لە ڕێککەوتنی حیزبەکەی لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ کرد و بە دەرفەتێکی گرنگی ناوبرد بۆ پرۆسەکە و جەختی کردەوە کە ئەمە دەرفەتێکە بۆ پارتی پێش ئەوەی بۆ یەکێتی بێت، چونکە گەورەترین ئۆپۆزیسیۆن ئەمڕۆ دەیەوێت بەشێک بێت لە پرۆسەکە و بێتە نێو حکومەت.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن دەستێوەردانی دەرەکی ڕێگرە لە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی ئەو بۆچوونەی ڕەتکردەوە و وتی، ئەوەی ئەو قسەیە دەکات لە سیاسەت تێناگات یان دەیکات بە بیانوو. لە هەمان کاتدا ئامادەیی حیزبەکەی بۆ هەر ڕێککەوتنێکی سیاسی نیشان دا بەو مەرجەی دەستکاری مافەکانی خەڵک نەکرێت.

سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامادەیە لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا تەنازوول لە مافی حیزبەکەی بکات، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە تەنازوول لە مافی خەڵک بکات. .

دۆسیەی بەغدا و پەیوەندییەکان لەگەڵ هەولێر

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بارودۆخی ناوخۆی عێراق، سەرۆکی یەکێتی باسی لەوە کرد کە دۆخی بەغدا خراپە و پێویستی بە چاوخشاندنەوە و چارەسەری ڕیشەیی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەم تەنگژانە، لە ئێستادا هەلێکی گەورە بۆ کوردەکان لە ئارادایە کە دەکرێت لە ڕێگەی یەکدەنگی و داڕشتنی ستراتیژێکی هاوبەشەوە سوودی لێ ببینرێت.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان کرد و ڕایگەیاند کە ئێستا ساڵی 2003 نییە لە بەغدا، بەڵکو دۆخەکە گۆڕاوە و پەیوەندییەکانی ئەوان لە پایتەخت زۆر باشن. ئەو جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان کردەوە چونکە ئەگەر لە بەغدا هاوکار و یەکدەنگ بن هەمووان قازانج دەکەن، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ حکومەتی هەرێم بەتایبەت کە سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ کورد نییە. هەروەها جەختی لە سەرکەوتنەکانی حزبەکەی کردەوە و ڕایگەیاند، ئێمە توانیمان بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ ببن لەسەر ئاستی هەرێم و بەغدا.

دۆسیەی ئێران، تورکیا

بافڵ تاڵەبانی هۆشداریی دا لە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕایگەیاند کە ناوچەکە بە گشتی لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیی گەورەدایە، بۆیە پێویستە لایەنە کوردییەکان ناکۆکییەکان وەلابنێن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم.

سەبارەت بە ئێران، گەشبینی خۆی نیشان دا بە دەرفەتێکی باشی ئاشتی بۆ کوردان لەو وڵاتە، هاوکات ئاماژەی بە هاوکێشەی ئەمریکا و ئێران کرد کە کەسانی فەرمی هەوڵی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان دەدەن و یەکێتیش توانیویەتی هاوکار بێت، چونکە متمانەپێکراوی هەردوولایە.

بافڵ جەلال تاڵەبڤانی ڕۆڵی تارانی بە گرنگ وەسف کرد بۆ گەڕاندنەوەی گرووپەکان بۆ ناو سیاسەت و ئاشکرای کرد ئامانجی سەردانەکانی بۆ تاران پاراستنی کوردستان بووە لە ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی جەنگ لە ناوچەکەدا.

سەبارەت بە تورکیاش، جەختی کردەوە کە پەیوەندییان لەگەڵیان زۆر باشە و پشتیوانی پرۆسەی ئاشتین، هەروەها دەستیان بە پرۆسەیەکی هاوشێوەی تورکیا بۆ ئێرانیش کردووە بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئاشتی. لە لایەکی ترەوە گەشبینی بۆ داهاتووی سووریا دەربڕی و سەبارەت بە ئابووریی ناوچەکە ڕایگەیاند تا کێشەی گەرووی هورمز چارەسەر نەبێت چاوەڕێی پێشکەوتنی گەورە ناکرێت.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this