پرۆژەیاسای نوێی مووچە گەیشتە پەرلەمانی عێراق؛ مووچەی بنەڕەتی زیاد دەکرێت و فەرمانبەرانی هەرێمیش دەگرێتەوە

0
316

SNN-

فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دەرئەنجامی کۆتایی هەموارکردن و داڕشتنی پرۆژەیاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق کرد. پرۆژەکە چەند پێشنیازێکی گرنگی بۆ زیادکردنی مووچەی بنەڕەتی و هاوسەنگکردنی دەرماڵەکان تێدایە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

پرسی جیاوازیی گەورە لە نێوان مووچەی وەزارەت و دامەزراوە جیاوازەکانی عێراق، لە ساڵی 2003 ـەوە تائێستا یەکێک بووە لە ناڕەزایەتییە سەرەکییەکانی شەقام و فەرمانبەران. لەسەر داوای پەرلەمانی عێراق، حکومەت لە ڕێگەی فەرمانی دیوانی ژمارە 24 ـەوە لیژنەیەکی باڵای بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی پلاندانان و ئەندامێتی نوێنەرانی وەزارەتی دارایی، چاودێری دارایی و ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدراڵی پێکهێنا، تا میکانیزمێک بدۆزنەوە کە هاوسەنگیی ئابووریی بازاڕ و بارگرانیی گەنجینەی گشتی ڕەچاو بکات.

لیژنەکە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە، بە فەرمانێکی وەزارەتی پلاندانان کە لە 15 ـی ئەیلوولی 2026 دەرچووە، پوختەی ڕاسپاردەکانی ئاراستەی پەرلەمان کردووە.

گرنگترین پێشنیازەکانی پرۆژەیاساکە بریتیین لە

زیادکردنی مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەکان

 هەڵوەشاندنەوەی هەموو دەرماڵەکانی پێشووتری فەرمانبەران و بەخشینی یەک دەرماڵەی نوێ بە ڕێژەی 50% بۆ بەشێک لە فەرمانبەران و 30% بۆ بەشێکی دیکە بەپێی یاسای مووچە.

یەکسانکردنی مووچەی سەرۆکایەتییەکان

 یەکسانکردنی مووچە و دەرماڵەی کارمەندانی سێ سەرۆکایەتییەکەی کۆمار، وەزیران و پەرلەمان بە مووچەخۆرانی دیکەی دەوڵەت.

مەرج بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

 لیژنەکە لە کۆنووسی پێنجەمیدا جەختی کردووەتەوە کە ئەم ڕاسپاردانە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەو مەرجەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم میلاکاتی فەرمیی فەرمانبەرانی خۆیان ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکەن لە کاتی داواکردنی شایستە داراییەکان و تەمویلدا.

ڕێکخستنەوەی قازانجی کۆمپانیا حکومییەکان

 کەمکردنەوەی پشکی قازانجی فەرمانبەرانی کۆمپانیا حکومییەکان، بە جۆرێک لە 50% ـی کۆی مووچە نوێیەکەیان تێنەپەڕێت و ئەو زیادەیەی پێشتر وەریانگرتووە دوای پەسەندکردنی یاساکە ببڕدرێت و بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێتەوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتی لیژنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کاتێکدا کۆی گشتیی فەرمانبەران لە خشتەی (ج)ـی یاسای بودجەدا گەیشتووەتە 4,007,469 فەرمانبەر، بەڵام داتای تەنیا 1,097,109 فەرمانبەر گەیشتووەتە دەست لیژنەکە، بۆیە داوا لە پەرلەمان کراوە کاری جددی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کەم و کوڕییانە لە زانیارییەکاندا بکات

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this