لە ئیدارەی ڕاپەڕین پشووی فەرمانگەکان بۆ ماوهى هەفتەیەکی تر درێژ کرایەوە

ئیدارهى ڕاپهڕین | فۆتۆ: SNN
SNN – محەمەد مستەفا
به مهبهستى پاراستی گیانی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە و رێگری كردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژووری ئۆپراسیۆنەکانی ڕاپەڕین هەفتەیەک پشووی راگەیاند.
عومەر حاجی، وتەبێژی ئیدارەی ڕاپەڕین بە (SNN)ی راگەیاند: “ئەمڕۆ شەممە، ژووری ئۆپراسیۆنەکانی ڕاپەڕین لە چوارچێوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە کۆبوونەوەیەکدا چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانەش: درێژ کردنەوەی پشووی فەرمانگەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ ماوەی یەک هەفتە، پشووەکەش لە سبەی یەکشەممە 28 حوزەیران دەستپێدەکات تاوەکو 4ى تەموز”.
وتیشی: “پشووی فەرمانگەکان ناوەندە تەندروستیەکان و هێزە ئەمنییەکان و گەنجینە و بانک و ئەو فەرمانگانەی کە وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەکەیانی راگەیاندووە ناگرێتەوە، هاوکات پشووەکە ئەو خوێندنگە و پەیمانگایانە ناگرێتەوە کە تاقیکردنەوەیان هەیە”.
وتەبێژی ئیدارەی ڕاپەڕین باسی لەوەشکرد: “نۆرینگە پزیشکیەکان کراوەدەبن بە مەرجی رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان، هاوکات سەرجەم هۆڵ و شوێنەکانی ئاهەنگ و شایی و هۆڵەکانی پرسە بەداخراویی دەمێننەوە”.
هاوكات ژووری ئۆپراسیۆنی ئیدارەی ڕاپەڕین لهسهر زارى هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین كه هاوكات سەرۆکی ژووری ئۆپراسیۆنی ئیدارەی ڕاپەڕینه راگهیهنراوێكى لهبارهى دهقى بڕیارهكانهوه بڵاوكردهوه كه ئهمهى خوارهوه دهقهكهیهتى
کاتژمێر ( 10) ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی 27ی حوزەیرانی 2020 ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی ڕاپەڕین بە سەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین و ئامادە بوونی ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی و کارگێڕیی سنوورەکە سازدا و دوای تاوتوێی بارودۆخ و رەوشی ناوچەکە کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردە دران بەم شێوەیە :
یەکەم: بەداخەوە کە سەرەنجام پەتای مڵۆزمی کۆڕۆنا بارگە و بارخانەی نگریسی خۆی لەناوچەکەماندا خست ، بەجۆرێک کە ئیتر کۆڕۆنا، زەنگێکی مەترسییدارە و لە بەردەرگای هەموو ماڵێکدایە ،بۆیە بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سنوورەکەمان و کەمترکردنەوەی فەزای تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی و سنووردارکردنی چالاکییەکانی ئەو بەڵایە بۆ سەر گیان و تەندروستیی هاووڵاتیان بڕیارماندا بە درێژکردنەوەی پشووی سەرجەم یەکەکارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی ئیدارەی راپەرین لە سبەی یەکشەممە ڕێکەوتی 28ی حوزەیرانی 2020 تا رۆژی یەکشەممەی ئاییندە 5 / 7/ 2020کە دەوامی فەرمی دەست پێدەکاتەوە لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاحکومیەکانی سنوورەکەمان.
دووەم: پشووی فەرمانگەکان ئەم فەرمانگە و دامودەزگاحکومییانە ناگرێتەوە و دەوامی خۆیان دەکەن : تەندروستی ، هێزە ئەمنییەکان ، گەنجینە و بانک ، ئەو فەرمانگانەی وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەکەیانی راگەیاندووە بە پێی رۆژی موچەوەرگرتنەکەیان ، خوێندنگە و پەیمانگەکانی کۆمپیوتەر ، هونەرەجوانەکان و وەرزش کە تاقیکردنەوەیان هەیە ، زانکۆکان کە سەرۆکایەتیی زانکۆ خۆیان شێواز و کاتی پشووەکەیان دیاری دەکەن ، هەروەها فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا ، شارەوانییەکان و کۆمپانیای پاکەوانیی کە خەفارەتیان دادەنێن بۆ بەردەوامبوونی خزمەتگوزاییەکان.
سێیەم: کۆبوونەوە بەسپاسەوە ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی بەرزنرخاند کە لە سۆنگەی هەستکردن بەلێپرسراوێتیی نەتەوەیی و ئایینی و ئەخلاقییەوە هاوکار بوون و بەدەنگ داواکاریی حکومەتەوە هاتن بۆ راگرتنی ئەنجامدانی نوێژی هەینیی و هیوادارین بەهەمان هەست و نەفەسەوە لەم کاروانە لەگەڵماندا بمێننەوە تا سەرکەوتنی یەکجارەکیی بەسەر دێوەزمەی کۆڕۆنادا .
چوارەم: بۆ خزمەتی خەڵکی ناوچەکەمان نۆرینگەکانی پزیشکی کراوەدەبن بەمەرجی رەچاوکردن و پابەندبوونی تەواویان بە ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕییەکانی دانراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی و یەکەکارگێڕییەکان ، هەتا بەهەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کشتیی تەندروستیی راپەرین و سەندیکای پزیشکان و سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بریارێکی گونجاویان لەسەر دەدرێ.
پێنجەم: سەرجەم هۆڵ و شوێنەکانی ئاهەنگ و شایی بەداخراویی دەمێننەوە .
شەشەم: هۆڵەکانی پرسە و پرسەی کۆڵان و ماڵەوە قەدەغەیە و پێویستە هاووڵاتیان پابەندبن و نەبنەهۆکار بۆ زیاتر بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییە.
شەشەم: لیژنەکانی قائمقامیەت و ئاسایش لێپێچینەوە و ئیجرائاتی پێویست ئەنجام بدەن بەرامبەر بەوکەسانەی پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی ( دەسکێش و ماسکپۆشیی ئەنجام نادەن ) نین ، بەتایبەت پیشەوەر و کاسبکار و دوکاندارەکان.
حەوتەم: وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ گیانی بەرپرسانە و خۆپارێزانە و هەست بە بەرپرسیارێتیی هاوشاری و هاوڵاتیی سەرجەم خەڵکی خۆشەویستی سنوورەکەمان ، داوایان لێ دەکەین بەهەمان گوڕ و تینی یەکەم رۆژی دەرکەوتنی ئەم پەتاوە بە دەنگ دەزگا ئەمنی و ئیجرائییەکانەوە بچن و تا بەهاوکاری و هەماهەنگیی هەموو لایەک و پشتیوانیی خوای گەورە لەم جەنگەداسەپاوەشدا گەلەکەمان سەرکەوتوو و ڕووسوور و سەربەرز دێتەدەر .
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
20كاتژمێر لهمهوپێشعەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
21كاتژمێر لهمهوپێش
هەواڵی زیاتر
-
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
20كاتژمێر لهمهوپێش -
عەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
21كاتژمێر لهمهوپێش -
دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێلفی لەسلێمانی دەبەسترێت
22كاتژمێر لهمهوپێش -
مارکۆ ڕۆبیۆ: “مۆندیال بۆ ئەندامانی سوپای پاسداران قەدەغەیە”
23كاتژمێر لهمهوپێش
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
20كاتژمێر لهمهوپێش -
عەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
21كاتژمێر لهمهوپێش -
دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێلفی لەسلێمانی دەبەسترێت
22كاتژمێر لهمهوپێش
بنکۆڵکاری
-
هەولێر شاری باڵەخانە بەرزەکان بەڵام بێ ژێرخان
كانونی دووهم 5, 2022 -
بڵاوبوونەوەی ڤيديۆی سێکسی لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکاندا
تهمموز 6, 2021









