ئەو بەڵێنەی حكومەت بە هەڵەبجەیدا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە

0
769

SNN-عەلی حەمە سەعید
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات لەگەڵ ئەوەی سەرۆكی حكومەت بەڵێنی ئەوەی دابوو لەگەڵ دەستكردن بە جێبەجێكردنی پرۆژەی 100 مەتری شاری سلێمانی، پرۆژەی ستراتیژی پردی تووەقوت كە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێكەوە دەبەستێتەوە دەخاتە بواری جیبەجێكردنەوە، بەڵام جگە لە كردنەوەی ژمارە حسابیەك هیچی جێبەجێنەكراوە.

كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: “پڕۆژەی تووەقوت كە بریتیە لە دروستكردنی پردێك لەسەر روباری سیروان و پاشان دروستكردنی رێگای پردەكە بۆ بەستنەوەی پارێزگای هەڵەبجە بە ئیدارەی گەرمیانەوە، زیاد لە جارێك بەڵێندراوە بۆ جێبەجێكردنی و چەند جارێكیش بودجەی بۆ دانراوە بەجۆرێك پێشتر بڕی 31 ملیار دینار و لە ئێستاشدا بڕی هەشت ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كۆمپانیای گازپرۆمی رووسی بڕی 30 ملیۆن دۆلاری بۆ هەڵەبجە تەرخانكرد بەڵام حكومەتی هەرێمیش نازانێت ئەو بودجەیە لە كوێیە”.

ئاماژەی بەوەشكرد: لەگەڵ ئەوەی چەندینجار بە نوسراوی فەرمی و لە رێگەی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەوڵی زۆرمانداوە كە ئەو پرۆژە ستراتیژیە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە هاوكات هاوشێوەی كۆمپانیای (قەیوان) كۆمپانیایەك ئامادەیی دەربڕی كە بە قەرزی درێژ خایەن هاوشێوەی پرۆژەی 100 مەتری سلێمانی پڕۆژەكە جێبەجێ بكات، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران رەزامەند نەبوو.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو: دوای هەوڵێكی زۆری سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێم تا رەزامەندی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێت و بڕی هەشت ملیۆن دۆلار دیاری بكرێت بۆ پڕۆژەكە ژمارە حسابییەك بۆ بڕی پارەكە كرایەوە، هاوكات لە كۆبوونەوەی پارێزگارەكان لەگەڵ سەرۆكی حكومەت دوای خستنەڕووی گرنگی پڕۆژەكە، سەرۆكی حكومەت بەڵێنی ئەوەی بە پارێزگاری هەڵەبجە دابوو كە لەگەڵ شەقامی 100 مەتری سلێمانی، پرۆژەكەی هەڵەبجە جێبەجێدەكرێت، بەڵام تا ئێستا هیچی لێ‌ جێبەجێنەكراوە.

كاوە عەلی ئەوەشی وت: “ئێمە لە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی رێكارەكانی پردی تووەقوت و دواتر ڕێگاكەش تەواو بكرێت چونكە ڕێكارەكان زۆری ناوێت تەنها وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە پارێزگای هەڵەبجە ڕاسپێرێت بە پرۆسەی تەندەرین لەبەرئەوەی پرۆژەكە بودجەی بۆ تەرخانكراوە و هاوشێوەی كۆمپانیای قەیوان، كۆمپانیا زۆرە بە قەرزی درێژخایەن پرۆژەكە جێبەجێبكات، هاوكات بودجەی هەشت ملیۆن دۆلار داواكارییەكی ئەوەندە زۆر نییە كە بارگرانی لەسەر حكومەت دروست بكات.

لای خۆیەوە مەریوان حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بۆ SNNی ڕوونكردەوە: وەك وەزارەتەكەمان بۆ چوار ساڵی ئایندە پلانی تایبەت بەخۆمان هەبوو، كە خۆی لە بەدووسایدكردنی زۆربەی ڕێگا سەرەكییەكانی نێوان پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان دەبینییەوە، بەڵام بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەردەوامی قەیرانی دارایی ناتوانین پلانەكانمان وەك خۆیان جێبەجێ بكەین، هاوكات حكومەتی هەرێم بودجەی وەبەرهێنانی راگرتووە، لەو چوارچێوەیەشدا پرۆژەی پردی تووەقوت نەتواندراوە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەركات دەستكرایەوە بە دابینكردنی بودجەی وەبەرهێنان ئەو پرۆژەیەش دەستبەجێبەجێكردنی دەكرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this