بە بڕیارێکی نامۆ ٥٤ ملیۆن کەس لە میسر غەرامە دەکرێن

0
1073

SNN

دەزگای نیشتمانی هەڵبژاردنی میسر بڕیاریدا غەرامەی 54 ملیۆن کەس بکرێت کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پیراندا نەکردووە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی “MENA” ی میسری لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دەزگای نیشتمانی هەڵبژاردنی میسر، لاشین ئیبراهیم بەڕێوەچووە، بڕیاردراوە ئەو کەسانەی لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پیراندا بەشداری دەنگدانیان نەکردووە رێکاری پێویستیان لەگەڵدا بگیرێتە بەر.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە کۆی 63 ملیۆن دەنگدەر تەنها نۆ ملیۆن دەنگدەر بەشداری دەنگدانەکانیان کردووە، و بەپێی بڕیارەکە 54 ملیۆن کەس دەدرێتە دادگا.

دەزگاکە لە راگەیەندراوێکدا بەم شێوەیە ئەم بڕیارەی روونکردەوە: “سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی میسر هەموو ئاسانکارییەکی خستووەتە بەردەست بۆ بەکارهێنانی دەنگەکانیان، ئەم کەسانە ئەرکی نیشتمانی خۆیانیان بەجێنەهێناوە”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە رێوشوێنی توند گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی دەنگدەر و کارمەندەکانی دەزگای هەڵبژاردن و چەندینجار داوا لە دەنگدەران کراوە بەشداری دەنگدان بکەن، بۆیە ئەو کەسانەی دەنگیان نەداوە سزا دەدرێن بە جۆرێک کە لە 500 جونەی (کە دەکاتە 32 دۆلار) زیاتر نەبێت.

بڕیارەکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، رۆژنامەنووسی میسری، ئالا عەتار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی: “دەکرێت مانشێتێکی لەم شێوەیە لەسەر رۆژنامەکان هەبێت: ٥٥ ملیۆن کەس لە میسر لەبەردەمی دادگادان. رۆژی حەشرە لە میسر”.

نووسەر، مونا سەلیم لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەم شێوەیە تانەی لە بڕیارەکە داوە: “گەلی میسر جگە لە چەند کەسێک دەچێتە بەردەم دادگا”.

هەروەها بەکارهێنەرێکی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش سەرنجی راکێشا بۆ سەر ئەوەی کە حکوومەتی میسر لە رێی ئەم سزایەوە 275 ملیار جونەی (کە دەکاتە نزیکەی 17 ملیار دۆلار)ی دەست دەکەوێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this