دەست بەوەرگرتنی خوێندکارانی پۆلی یەكی بنەڕەتی دەكرێت و پسپۆڕانی پەروەردەش نیگەرانن

0
1017

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات لە ئێستا دەستمان بەوەرگرتنی قوتابیانی قۆناغی یەكەمی بنەڕەتی كردووە و لە هەفتەیەكدا دوو ڕۆژ بەڕێوەبەری قوتابخانەكان ناوی قوتابی تۆمار دەكەن، سەرپەرشتیارێكی بواری پەروەردەش ئاماژە بەوەدەكات ئەگەر سیستمی ئۆنلاین بۆماوەیەكی زۆر پەیڕەو بكرێت ئێمە و مامۆستایشانیش وەك مووچەخۆری بندیوارمان لێدێت.

سۆران عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند: لە ئێستادا لە لایەن بەشێك لە بەڕێوەبەر و یاریدەدەری قوتابخانە بنەڕەتییەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەستكراوە بە وەرگرتن و تۆماركردنی قوتابیانی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەفتەدا رۆژانی یەكشەممە و چوار شەممە ناوی قوتابیانی پۆلی یەكەم تۆماردەكرێت بەگوێرەی ئەو ڕێنماییانەی كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دەرچووە لەبارەی تەمەنی وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی.

ئاماژەی بەوەشكرد، “بڕیاردان لەسەر شێوازی ئۆنلایەن لە وەرزی یەكەمی خوێندن بڕیارێكی ناچاریی بووە، لەوەباشتربووە كە قوتابی هەرهیچ نەخوێنێت و لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دوور بكەوێتەوە، بۆیە لەڕۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە كۆدەبینەوە و بڕیار لەسەر شێوازی دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بڕیارانەی كە دوێنێ‌ لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەركراون، ئێمەش بۆچوونی خۆمان دەخەینە ڕوو”.

جەمیل قادر، پسپۆڕی بواری پەروەردە و یەكێك لە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بۆ SNNی روونكردەوە، خراپترین سیناریۆ كە ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن هەڵیبژاردووە ئەو بڕیارانەبوون كە دوێنێ‌ هەموومان گوێبیستی بووین لەبارەی دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن، هەرچەندە ئێمە سیناریۆی سێ‌ ڕۆژ بە سێ‌ ڕۆژمان بەلاوە خراپ بوو، بەڵام نەمانزانی سینارۆیی لەوە خراپتر هەڵدەبژێردرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەگەر ئەم سیستەمی ئۆنلایەنە كە بڕیاری لەسەر دراوە، بۆماوەیەكی زۆر درێژە بكێشێت بەجۆرێك لە جۆرەكان مامۆستایان دەبینە مووچەخۆری بندیوار چونكە كەس ئەركی دیاریكراو نییە ئەمەش دەستپێكی خراپ دەبێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەی بارگرانییەكی زۆر لەسەر خێزانی قوتابیان دروستدەبێت بە دابینكردنی خەتی ئینتەرنێت و كڕینی كۆمپیوتەر و مۆبایلی پێشكەوتوو، بۆیە دەكرێت لە وڵاتێكی وەك یابان بڕیارێكی لەم جۆرە بدرێت بەڵام بەهیچ شێوەیەك لە هەرێمی كوردستان خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین سەركەوتوو نابێت و مامۆستایانیش ئامادەنین بەبێ‌ مووچە كارێكی لەو شێوەیە بكەن”.

بێستاران عەلی، یەكێك لە مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتی بۆ SNN باسی لەوەكرد، جێگەی داخە كە ساڵانە ئاستی فێربوونی قوتابیان لەناوەندەكنی خوێندن ڕوو لە پاشەكشە دەكات، لە كاتێكدا ساڵانی رابردوو ڕۆژانە مامۆستایان و قوتابیان لە نزیكەوە ئاگاداری یەكتر بوون، بۆیە ئەگەر ئەمساڵ بڕیاری بە ئۆنلاینكردنی خوێندن بدرێت، قوتابی هەر نەخوێنێت لەوەی باشتر داغڵی ئەو سیستەمە بكرێت، چونكە جۆرێك لەسەر لێ شواندن لە لای قوتابیان و تەنانەت مامۆستایانیش دروست دەبێت، لەبەر ئەوە ئەركی وەزارەتی پەروەردەیە كە ڕێگە نەدات لەمساڵدا هەڵەیەكی لەو شێوەیە بكات خوێندن بە ئۆنلاین دەستپێبكات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this