“ئەو پشکنینانەی کە لە هەڵەبجە دەکرێن لە فڕۆکەخانەکان کاریان پێناکرێت”

0
786

SNN-عەلی حەمەسەعید
سەرپەرشتیاری تیمی وەرگرتنی سامپڵ لە تاقیگەی مولیكولەری هەڵەبجە، ئاماژە بەوەدەكات تەنها بە بیانووی ئەوەی خەڵكی هەڵەبجەن و لە هەڵەبجە پشكنینیان بۆ كراوە، لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی پشكنینی ڤایرۆسكی كۆرۆنای هاوڵاتیانی هەڵەبجەیی ڕەتكراوەتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەكەین وەزیری ناوخۆ وەك چۆن داوای لیبوردنی لە ژنە ئەمەریكییەكەكرد، ئاواش داوای لێبوردن لە خەڵكی هەڵەبجە بکات.

د. محەمەد سوبحان سەرپەرشتیاری تیمی وەرگرتنی سامپڵ لە تاقیگەی مولیكولەری هەڵەبجە ئەمڕۆ هەینی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، هەرچەندە لە لایەن خودی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستییەوە داوامانلێكراوە كە پشكنینی كۆرۆنا ئەنجام بدەین و ڕۆژانەش لە ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بە ژمارەی ئەو پشكنینانە دەکرێت كە لە هەڵەبجە ئەنجامدراون، بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە كە هەمان ئەو پشكنینانە لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی كاریان پێناكرێت،  دوو هاووڵاتی هەڵەبجەیی پشكنینەكانیان لە فڕۆكەخانە ڕەتكراوەتەوە بە بیانوی ئەوەی لە هەڵەبجە ئەنجامدراون.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە وەزیری ناوخۆ بە بەرپرس دەزانین لەو بابەتەدا چونكە تاوانی ئەو هاووڵاتییانە تەنها ئەوە بووە كە خەڵكی هەڵەبجە بوون و لە هەڵەبجە پشكنینیان بۆ ئەنجامدراوە، ئەمەش هاووڵاتییانی هەڵەبجەی بە تەواوەتی نیگەران كردووە،چاوەڕێدەكەین بزانین وەزیری ناوخۆ ئامادەیە هاوشێوەی ئەو ژنە ئەمەریكییەی كە تەنها لایڤێكی كردەوە سوكایەتیشی بە خەڵكی كوردستان كرد بەڵام داوای لێبوردنی لێكرا، بزانین كەسێك هەیە داوای لێبوردنیش لە خەڵكی هەڵەبجە بكات.

سەرپەرشتیاری تیمی وەرگرتنی سامپڵ لە تاقیگەی مولیكولەری هەڵەبجە، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاوڵاتیانەی هەڵەبجە كە پشكنینەكانیان ڕەتكراوەتەوە لە ڕووی دارایشەوە زیانیان بەركەوتووە ئەو تكتەی كە بۆ گەشتكردن بڕویانە بەهۆی رەتكردنەوەی پشكنینەكانیان بەسەر چوو بەلایەنی كەم 800 دۆلار زیانیان بەركەوتووە، دەبێت كێ‌ قەرەبووی ئەم هاووڵاتییانە بكاتەوە، بۆیە ئەم جۆرە لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەڵەبجە جێگەی نیگەرانی ئێمە و هاووڵاتییانی سنورەكەشە.

وتەكانی سەرپەرشتیاری تیمی وەرگرتنی سامپڵ لە تاقیگەی مولیكولەری هەڵەبجە، لە كاتێكدا كە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر هاوڵاتییەكی ئەمەریكی تەنها لەبەر ئەوەی بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك لە گەشتەكەی دواكەوتبوو لە فڕۆكەخانەی هەولێر و لە لایڤێكی فەیسبوكدا رەخنەی لە بەرپرسانی هەرێم گرت، لە بەرامبەردا حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ داوای لێبوردنیان لێكرد.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this