کشتوکاڵ لەڕاپەڕین… بەرهەم زۆر و کڕیار کەم

0
1375

SNN- محەمەد مستەفا

ئیدارەی ڕاپەڕین بەهۆی بە پیتیی خاکەکەی، ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵییە کە دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ هەرێمی کوردستان سوودی لێ ببینرێت، بەڵام لە ئێستادا جوتیارانی سنوورەکە گرفتی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان هەیە و باس لەوە دەکەن بە هێندەی کاریگەریی ڤایرۆسی کورۆنا قەیرانی داراییش هۆکار بووە بۆ ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان .

” بەرهەم زۆرە و کڕیار کەمە “

عەلی حاجی ئەحمەد کە جوتیارێکی دەشتی بیتوێنە و لەسەر رێگای رانیە ـ سلێمانی سەرقاڵی فرۆشتنی گوڵەبەڕۆژەیە بە SNN ی وت: “ئەمساڵ دەشتی بیتوێن بڕێکی زۆر بەرهەمی گوڵەبەڕۆژەی هەبووە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کڕیار کەمە، بەهۆی کۆرۆناوە وەک پێویست بەرهەمەکەیان کڕیاری خواروو و ناوەڕاستی عێراقی نییە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو”.

ئەو جوتیارەی دەشتی بیتوێن باس لەوەشدەکات “هەرچەندە بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو نرخی گوڵەبەڕۆژە کەمترە و لە ئێستادا نرخی کیلۆیەکی جۆری زۆر باشی خۆماڵی بە نزیکی 1750 دینارە، بەڵام فرۆشیان کەمە، چونکە ئەوەی دەفرۆشرێت، تەنیا بە کڕیاری ناوخۆیە، بەهۆی بێ مووچەیی کڕیاری ناوخۆش بڕێکی زۆر کەم دەکڕن، کە ئەمە وا دەکات بەرهەمەکەیان ساغنەبێتەوە”.

” خەمی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکەمانە “

عەلی عەبدوڵا جوتیارێکی تری دەشتی بیتوێنە بە SNN ی راگەیاند “ئێستا وەرزی خڕکردنەوەی بەرهەمی کونجییە و لە دەشتی بیتوێن رووبەرێکی فراوان بە کونجی داچێنراوە، هەفتەی داهاتوو بەرهەمی کونجییەکەیان دەخەنە بازاڕەوە، بەڵام لە ئێستاوە خەمی ئەوەیانە کە بەرهەمەکەیان ساغنەبێتەوە، چونکە بازاڕ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا ستست و لاوازە، بێ مووچەیی هێندەی تر بازاڕی لاواز کردووە، ئاشکراشە لە دوو مانگی رابردوو بەشی زۆرینەی جوتیارانی سنوورەکە بەرهەمی میوە و سەوزەیان بەهۆی ئەم دوو هۆکارە ساغ نەبوویەوە و زیانی زۆریان بەرکەوت”.

“کەرتی کشتوکاڵی لە ئیدارەی ڕاپەڕین فەرامۆش کراوە “

خدر ئیبراهیم بەڕێوەبەری کستوکاڵی رانیە بە SNN ی راگەیاند “ئیدارەی ڕاپەڕین ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵە لەسەر ئاستی هەرێم و عێراقیش، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە کەرتی کشتوکاڵی سنوورەکە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بە تەواوی پشتگوێخراوە و هیچ هاوکارییەکی کشتوکاڵی ڕاپەڕین نەکراوە جگە لەوەی ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵ کەمێک پەینی بۆ جوتیاران دابینکرد .

بەڕێوەبەی کشتوکاڵی رانیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پڕۆسەی کشتوکاڵکردن لە سنووری دەشتی بیتوێن لە پاشەکشەدایە، چونکە جوتیارانی سنوورەکە بەرهەمەکانیان ساغنابێتەوە، بە نمونە لە ئێستادا بڕێکی زۆری بەرهەمی گوڵەبەڕۆژە و کونجی هەیە، بەڵام بازاڕی نییە و نافرۆشرێت، ئەمە جگە لەوەی ئێستا زۆرێک لە بەرهەمی کشتوکاڵی لە دەرەوەی هەرێم هاوردە دەکرێت و بازاڕی بەرهەمی ناوخۆی نەهێشتووە .

خدر ئیبراهیم روونیشیکردەوە “جگە لە فەرامۆشکردنی بە بازاڕ کردنی بەرهەمی جوتیاران لە لایەن حکومەتەوە، هۆکاری سەرەکی ساغنەبوونەوەی بەرهەمی جوتیاران لە ئێستادا پەتای کۆرۆنا و بێ مووچەیی فەرمانبەرانە کە رۆژ لە دوای رۆژ لێکەوتەکانیان زۆرتر رەنگدەداتەوە لەسەر پڕۆسەی کشتوکاڵ” .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this