نەبوونی پارە پڕۆژە کلتورییەکەی کارگەی جگەرەکەی سلێمانی دواخستووە

0
1063

SNN-عەلی حەمە سەعید

لەسەر بودجەی پایتەختی ڕۆشنبیری و بە بڕی سێ‌ ملیار دینار، كاركردن لە پرۆژەی بە هونەریكردنی كارگەی جگەرەکەی سلێمانی بەردەوامە و بەرپرسی بەشی پرۆژەكانی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانیش ئاماژە بەوەدەكات: بەهۆی بەرفراوانی كارگەكە و وردەكاری لە پرۆژەكەدا كارگەكەمان كردووەتە چەند هۆڵێكی گەورەی هونەری.

سوعاد حسێن، بەڕێوەبەری پرۆژەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بە  SNNی راگەیاند: ماوەی ساڵێكە كاروبارە ئیدارییەكانی تایبەت بە گواستنەوەی بینای كارگەی جگەرەی سلیمانی لە وەزارەتی پیشەسازییەوە بۆ سەر وەزارەتی ڕۆشنبیری كۆتایی هاتووە، هاوكات ماوەی چەند مانگێكیشە لە ڕێكخراوی گەشەپێدانی كلتوری بەردەوام لەو كارگەیە کاردەکرێت بۆ ئەوەی كارگەكە بكەنە پرۆژەیەكی هونەری فراوان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان.

پێویستی بە بڕە پارەیەکی زیاتر هەیە

ئاماژەی بەوەشكرد: لەسەر بوودجەی 20 ملیار دینارەكەی پایتەختی رۆشنبیری و بە گوێرەی گرێبەستێك بە بڕی سێ‌ ملیار دینار کاردەکرێت، رێكخراوی گەشەپێدانی كەلتوری ئەمڕۆ ماستەرپلانی پرۆژەكەیان ئاراستەكردوین و ئێمەش ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیریمانكرد بۆ پەسەندكردنی، پلانی ڕێكخراوەكەش ئەوەیە كە ئەو كارگەی جگەرەیە بكاتە چەند هۆڵێكی گەورەی هونەری كە بۆ بوارەكانی شانۆ و موزیك و سینەما و گەلەری و كۆنسێرت و چەندین بواری دیكەی هونەری بەكاربهێندرێن.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی ڕووبەری كاركردنی ئەو پرۆژەیە زۆر گەورەیە و هاوكات پێویستی بە بڕە پارەیەكی زیاتر هەیە و وردەكاری زۆر لە چۆنیەتی جێبەجێكردنیدا هەیە، بۆیە پێناچێت بەم زووانە بتواندرێت كۆتایی بە تەواوكردنی بهێندرێت، چونكە هۆڵی وەهای تێدایە كە بە تەنیا نزیكەی 29 دۆنم دەبێت، بۆیە چەند بیرۆكەیەك لە ئارادان كە بۆ تەواوكردنی پرۆژەكە یان بدرێتە كۆمپانیای دیكە یاخود بە موساتەحە بدرێتە وەبەرهێنەران بۆ تەواوكردنی، بەڵام هێشتا نەگەیشتونەتە ئەو قۆناغە.

کار لەسەر زوو تەواوکردنی پرۆژەکە دەکرێت

ئاڤان جەمال، سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و هونەر لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ  SNNی روونكردەوە، چەند جارێك سەردانی ئەو پرۆژەیەمانكردووە و لە كێشە و گرفتەكانیمان كۆڵیوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانییەوە دراوەتە رێكخراوێك بۆ كاركردن تیایدا ئێمە زیاتر كار لەسەر زوو تەواوكردنی پرۆژەكە دەكەینەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و راگرتنی ئیشوكاری لیژنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ماوەیەكە سەردانی پرۆژەكەمان نەكردوەتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێمە چاودێری ئەو پرۆژەیە و هەر پرۆژەیەكی دیكەش دەكەین كە لە بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییانی سنوورەكەدا بێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this