زانا ڕەحمان “هیچ هاندانێك نەبووە و خەڵك متمانەی بە حكومەت نەماوە”

زانا ڕەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن
SNN-عەلی حەمە سەعید
دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەشێك لە هاووڵاتیانی قەزای پێنجوێن ڕێگرییان كرد لە تیمەكانی تایبەت بە بەستنی پێوەری زیرەكی كارەبا، وەزارەتی كارەبا لە ڕوونكردنەوەكیاندا ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن ڕێگری لە تیمەكان هاندابووە بۆ مەرامێكی تایبەت، لە بەرامبەردا قایمقامی پێنجوێن ئەوەدەخاتەڕوو كە هاووڵاتیان متمانەیان بە حكومەت نەماوە و دەبێت وەزارەتی كارەبا متمانە بۆ هاووڵاتیان دروست بكات كە پێوەری زیرەك لە سودی ئەواندایە.
زانا ڕەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو خۆپیشاندانەی كە ئەمڕۆ لە پێنجوێن روویدا هیچ بەرنامەڕێژییەكی بۆ نەكراوە و هیچ مەرامێكیشی لە پشتەوە نەبووە جگە لەوەی كە هاووڵاتیان بۆ خۆیان هاتوونەتە سەرشەقام و پێیان باش نییە پێوەری زیرەكیان بۆ ببەسترێت و سەرجەم چین و توێژە جیاوەزاكانیش بەشداری ئەو خۆپیشاندانەیان كردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، خەڵك متمانەی نەماوە چونكە لە كەناڵەكانی ڕگەیاندنەوە چەندین ڕاپۆرت كراوە كە خودی بەرپرسان و پەرلەمانتاران جەختیان لەوەكردووەتەوە كە ئەم پێوەرە زیركە باشنییە، ئەی چۆن خەڵك ئامادە بێت پێوەری زیرەك ببەستێت، خەڵكیش پرسیارێكی گونجاو دەكەن دەڵێن مادام ئێمە جۆزەی 16 ئەمپێریمان بۆ بەستراوە پێوەری زیرەكمان بۆ چییە، بۆیە بەستنی پێوەری زیرەك لە پێنجوێن بە توندوتیژی نابەسترێت و دەبێت ئەو خەڵكە قەناعەت بكات، بۆیە دەبێت بۆ ئەم بابەتەش وەزیری كارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە بێنە پێنجوێن و قەناعەت بەخەڵك بكەن كە ئەمە كارێكی باشەو لە سودی ئەواندایە.
وتەكانی قایمقای پێنجوێن لە كاتێكدای كە ئەمڕۆ هاووڵاتیانی قەزای پێنجوێن ڕێگرییان كرد لە بەستنی پێوەری زیرەكی كارەبا لە قەزاكەیاندا وەزارەتی كارەبا لە ڕوونكردەوەیەكیاندا ئاماژەیان بەوەكرد كە لە پێنجوێن، لە لایەن هەندێ كەسی نابەرپرسەوە، بە پاساوی كەمبوونەوەی كارەبا، ڕێگری لە تیمەكانی كارەبا بۆ بەستنی پێوەری زیرەككراوە.
هەمووان دەزانن كە لە پێنجوێن بەهۆی بەفر و سەرمای سەختی ناوچەكە، كاتەكانی پێدانی كارەبا لە هەموو ناوچەكانی دیكەی هەرێم زیاتر بووە، رێگری كردن لە تیمەكانی كارەبا بۆ بەستنی پێوەری زیرەك، هاندان و بۆ مەرامێكی تایبەتی بووە و هیچ پەیوەندییەكی بە پرۆژەی پێوەری زیرەكەوە نییە.








