ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌ى شاندی سەرۆكایەتی هەرێم له‌گه‌ڵ بزووتنەوەی گۆڕان

0
689

SNN – عەلی حەمە سەعید

ئەمڕۆ شاندێكی سەرۆكایەتی هەرێم سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیان كرد ئەوەش وەك قۆناغێكی سەرەتایی بۆ دەستپێكردنی سەردانیكردنی لایەنە سیاسییەكانی دیكەی هەرێم، بەرپرسی ژووری پەرلەمان و حكومەت لە بزووتنەوەی گۆڕانیش رایده‌گه‌یه‌نێت: شاندی سەرۆكایەتی هەرێم پێیان وتین، دەمانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لەكاتی خۆیدا بكرێت و هەموولایەكیش پێیڕازیبن.

كاردۆ محەمەد، بەرپرسی ژووری پەرلەمان و حكومەت لە بزووتنەوەی گۆڕان بە SNN ی راگەیاند: “هاتنی شاندی سەرۆكایەتی هەرێم بە مەبەستی گفتوگۆكردن بوو لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەوان پێیان راگەیاندین كە دەیانەوێت لەكاتی یاسایی خۆیدا پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بۆ ئەو مەبەستەش دەیانەوێت لایەنە سیاسییەكانیش ئاگاداربن بۆئەوەی كە هەموو لایەك بە ئەركی یاسایی خۆیان هەستن و دواجار هەڵبژاردنێك بەڕێوەبچێت هەموولایەك ڕازیبن، ئەوەش تاڕادەیەكی زۆر پەیوەندی بە یاسای هەڵبژاردن و كۆمیسیۆنەوە هەیە”.

وتیشى: “ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان بە شاندەكەی سەرۆكایەتی هەرێممان راگەیاند كە پێمانباشە هەڵبژاردن لەكاتی یاسایی خۆیدا ئەنجامبدرێت، بەڵام دەبێت زەمینەسازی باشی بۆبكرێت و هەڵبژاردنێكی بێ كێشە و گرفت بێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەركی پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەكانە بتوانن زەمینەیەكی لەبار بڕەخسێنن، هاوكات ئەركی سەرۆكایەتی هەرێمە وادەیەك دیاریبكات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پێش 60 رۆژ لە وادەی یاسایی خۆی”.

ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو: “ئێمە لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانین بەجۆرێك كە لە بەرژەوەندی هەموواندا بێت و هەموولایەك لەسەری ڕازیبن، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەی ساڵێكە پرۆژەمان پێشكەشی پەرلەمان كردووە بۆئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمووار بكرێتەوە كە بتوانێت زەمینەخۆش بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد”.

سه‌ردانه‌كه‌ى شاندى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بۆ لاى لایه‌نه‌كان له‌دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان داواى له‌ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان كرد كه‌ بۆچوونى خۆیان یاداشت بكه‌ن له‌سه‌ر پرسى هه‌مواركردنه‌وه‌ى پرۆژه‌یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.

یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان تاوه‌كو ئێستا حه‌وت جار هه‌موار كراوه‌ته‌وه‌ و له‌ ئێستادا جگه‌ له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانى هه‌رێم كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و یاسایه‌ پێویسته‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان هه‌مواربكرێته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت له‌ واده‌ى یاسایی خۆیدا كه‌ مانگى ئه‌یلولى ئه‌مساڵه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان جگه‌ له‌ پارتى داوا ده‌كه‌ن هه‌ڵبژاردن بكرێته‌ فره‌ بازنه‌ى یان چوار بازنه‌ بۆ هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ى هه‌رێم.

هاوكات سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان داواى ئه‌وه‌ى له‌ فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان كردووه‌ كه‌ بۆچوونى خۆیان له‌باره‌ى چۆنیه‌تى دووباره‌ كاراكردنه‌وه‌ى كۆمسیۆن ده‌رببڕن.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this