ئێران و وڵاتانی زلهێز لە رێککەوتن لەسەر هەڵگرتنی سزاکان نزیکبوونەوە

0
530

 SNN

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کە وێنەیەکی رەشنووسی رێککەوتنی سەرەتایی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی لە بارەی بەگەڕخستنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی 2015 دەست کەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پێی رەشنووسەکە وەک هەنگاوێکی سەرەتایی و کرداری ئێران سەرجەم هاووڵاتیە رۆژئاواییە دەستبەسەرکراوەکان ئازاد دەکات و لەبەرامبەریشدا حەوت ملیار دۆلار پارەی دەستبەسەرداگیراوی ئەو وڵاتە لە کۆریای باشور ئازاد دەکرێت و ئەو وڵاتە دەتوانێت بیگوازێتەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو کە دوای هەڵگرتنی ئەو هەنگاوانە قۆناغی لابردنی سزاکانی سەر ئێران دەستپێدەکات، هەرچەندە تائێستا ماوەکەی دیارینەکراوە، بەڵام چەند دیپلۆماتێکی رۆژئاوایی بە ئاژانسەکەیان وتووە، ماوەی جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە سەرەتاییانە لە نێوان یەک مانگ بۆ سێ مانگدا دەبێت. هەروەک ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە بە پێی رەشنوسی رێککەوتنەکە تەنها رێگە بە ئێران دەدرێت بە رێژەی 3.67٪ یۆرانیۆن بپیتێنێت.

نوێنەرانی ئێران و پێنج وڵاتی چین، روسیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کە لە رێککەوتنی ئەتۆمی 2015دا بەشداربوون، لەئێستادا لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا سەرقاڵی دانوستانن بە مەبەستی گەیشتن بە رێکەوتتن لەبارەی بەگەڕخستنەوەی ئەو رێککەوتنە کە نزیکەی چوار ساڵە پەکخراوە. ئەمریکاش ناڕاستەوخۆ بەشدارە لە دانوستانەکان.

ساڵی 2018 ئەمریکا بە کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران سزاکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە گەڕاندەوە، لەبەرامبەردا تارانیش پابەندبوونەکانی بە رێککەوتنەکە هەڵپەسارد و پەرەی بە بەرنامە ئەتۆمیەکەیدا، بەتایبەتی بەرزکردنەوەی ئاستی بڕ و رێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراو.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this