بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی لەگەڵ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردندایە

SNN
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و رۆبێرت پاڵادینۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێم.
لە دیدارێکدا شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەمین بابە شێخ و خالید شوانی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، گفتوگۆی ھەمەلایەنە کرا لەسەر پرسەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، یەکڕیزی کورد، چارەسەرکردنی گرفتە ناوخۆییەکان، پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەنێوان ھەردوولا و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری ھەرێم.
لەدیدارەکەدا جەختکرایەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، تێپەڕاندنی بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکھێنانی حکومەت، یەکخستنی ھەوڵەکان لەچوارچێوەی بنەماکانی دەستوور و لێکتێگەیشتن و دیالۆگی بونیادنەرانەی نیشتمانیی.
بافڵ جەلال تاڵەبانی بە لەبەرچاوگرتنی ھەستیاری دۆخی عێراق، ھەرێم و پێشھاتەکان دووپاتیکردەوە لە خێراکردنی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای تەوافق و ھاوبەشێتی نیشتمانیی کە ببێتە ھۆی تێپەڕاندنی دۆخەکە و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و چاکسازیکردن لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی وڵات.
بۆ ھەرێمیش بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیکردەوە لە پێویستی یەکڕیزی ماڵی کورد و روونیکردەوە یەکێتی دەیەوێت بۆ ھەموو پرسەکان کورد خۆی ئامادەبکات دوور لە بەرژەوەندی تەسکی حزبی، بە یەک گوتاری کوردستانیی رووبەڕووی ئەگەرەکان ببینەوە و لەسەر بنەمای ھاوسەنگی سیاسی و بەرژەوەندی گشتی خۆمان رێکبخەینەوە، کە بۆ ئەوە کات ماوە و پێویستە نیەتێکی جددی ھەبێت بۆ پاراستنی یەکریزی کورد، کە یەکێتی لەو رووەوە ھیچ مەرجێکی نییە و دەمانەوێت ئەم ئامانجە باڵایە بەدیبێنین، کە لە خزمەتی گەلەکەماندایە.
سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردن لە ھەرێم، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەردە لە کات و ساتی خۆیدا بەڵام دەبێت داواکاری ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەھەند وەربگیرێت و یاساکە بەشێوەیەک بێت لە خزمەتی گەشەپێدانی ھەرێم و پرۆسەی دیموکراسی بێت، نەک بەم شێوەیە کە کەموکورتیی زۆری تێدایەو گلەیی و تێبینی زۆربەی لایەنە سیاسی و رێکخراوەکان و رای گشتی لەسەرە. بۆیە یەکێتی لەگەڵ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردندایە .
ھەر لەدیدارەکەدا پێویستی ھاریکاری و ھەماھەنگی زیاتر لەنێوان ھەردوولا دووپاتکرایەوە بە تایبەت لە بواری گەشەپێدانی بواری ئابووری، بازرگانی و ھەوڵدان بۆ پێشخستنی زیاتری کەرتی ئابووری لە ھەرێم.








