فازل نەبی هۆکاری نەناردنی 200 ملیارەکە بۆ هەرێم ئاشکرا دەکرێت

فازڵ نهبی، بریكارى پێشووترى وهزارهتى دارایی عێراق | فۆتۆ: SNN
SNN
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئەگەر هەرێم چاکسازیی بکات دەتوانێت بەبێ 200 ملیارەکەش مووچە دابەش بکات.
لەبارەی دواخستنی ناردنی 200 ملیارەکە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە، فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەشدا “یاسای بودجە خۆی هۆکاری یەکەمی دواکەوتنی ناردنی پارەکەیە، کاتێک نرخی بەرمیلێک نەوت بە 30 دۆلار بوو، پشکی هەرێمی کوردستان مانگانە 200 ملیار دینار بوو، بەڵام کاتێک نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە، ئەوا 200 ملیارە کەم دەبێتەوە.
زیاتر روونی کردەوە و وتی، دەقی ماددەی یاسای بودجە دەڵێت، داهاتی 250 هەزار بەرمیل بە نرخی سۆمۆ، کە بە 30 دۆلار فرۆشتوویەتی هەرێمی کوردستان 200 ملیار دیناری بەرکەوتووە، بەڵام مانگی دواتر کە بە 50 دۆلار فرۆشتوویەتی لە 200 ملیارەکە کەم دەبێتەوە، چونکە ئەو داهاتەی لە بەرامبەر 250 هەزار بەرمیلەکە کە دەبێت بیدەیتە بەغدا، بڕەکەی زیاد دەکات، ئەگەریش گەیشتە 80 دۆلار ئەوا ئێمە هیچمان ناکەوێت، بۆیەش بەغدا ئێستا 200 ملیارەکەی راگرتووە”.
فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەشدا، هۆکارێکی دیکەی نەناردنی 200 ملیار دینارەکە دەگەڕێتەوە بۆ جوڵاندنی داوایەک کە لەسەر ئەو 200 ملیارە جوڵێندراوە، چونکە پەیوەست نییە بە دادگای فیدراڵییەوە، بەڵکو پەیوەستە بە دەستەی دەستپاکی، ئەوان پێیانوایە ئەو 200 ملیارەی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە سەرپێچییە.
لەبارەی بەردەوامبوونی ناردنی 200 ملیارەکەشەوە، بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ناڵێت چیتر 200 ملیارەکە لەلایەن بەغداوە نانێردرێت، چونکە لە سیاسەتدا هەموو شتێک دەرفەتی تێدایە، دەرفەت هەیە حکومەتی هەرێم بکەوێتە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا.
هاوکات، لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوە تایبەت بە یاسای نەوت و غازی هەرێمەوە، فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق وتی “دەستێک لەپشت جوڵاندنی دۆسیەی نەوتی هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی هەیە کە ئەو دەستەش سیاسییەکانن”.
دەشڵێت، “نەیارانی کورد لە بەغدا هەمیشە سوودیان لە هەبوونی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان وەرگرتووە”.
لەبارەی ئەگەری نەناردنی 200 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێم و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە، فازڵ نەبی ئاشکرای کرد، ئەگەر چاکسازییەکان بە تەواوەتی و رێکوپێکی بکرێن و حکومەتی هەرێم دەسەڵاتی تەواوەتی بەسەر هەموو داهاتەکاندا هەبێت، ئەوکات دەتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات و خەرجیی دیکەش بکات، بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک لە بەغدا وەربگرێت.
داهاتی حکومەتی هەرێم مانگانە زیاترە لە دوو ترلیۆن دینار، لەکاتێکدا تەواوی مووچەی فەرمانبەران پێویستی بە نزیکەی 900 ملیار دینارە، بەڵام حکومەت مانگانە چاوی لە 200 ملیارەکەی بەغدایە و بەو بیانووەوە دابەشکردنی موچە دوادەکەوێت و لەکاتی خۆیدا دابەشناکرێت.








