“كه‌مترین رێژه‌ى هه‌ژارى له هه‌رێمى كوردستانه”

دابه‌شكردنى هاریكارى به‌سه‌ر هه‌ژاران له هه‌ڵه‌بجه | فۆتۆ: قایمقامیه‌تى هه‌ڵه‌بجه
SNN
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: یه‌ك له‌سه‌ر چوارى هاووڵاتییانى عێراق له خوار هێڵى هه‌ژارییه‌وه‌ن، ده‌شڵێت: “زۆرترین رێژه‌ى هه‌ژارى له پارێزگاى موسه‌نا و كه‌مترین رێژه‌ى هه‌ژارى له هه‌رێمى كوردستانه”.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 20ى شوبات، عه‌بدولزه‌هرا هینداوى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق رایگه‌یاند: “رێژه‌ى هه‌ژارى رۆژ به رۆژ له عێراق زیاتر به‌رزده‌بێته‌وه، به‌پێى ئاماره‌كانى ئێمه له ساڵى 2013 رێژه‌ى هه‌ژارى 18٪ بوو، به‌ڵام ئه‌م رێژه‌یه هه‌ڵكشا بۆ 22.5٪ له ساڵى 2018، دواتر له ساڵى 2019 كه‌مبووه‌وه بۆ 20٪، له ساڵه‌ى 2020 به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا رێژه‌كه به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو هه‌ڵكشا و گه‌یشته 31.7٪ ، دواتر له ساڵى 2021 رێژه‌كه دابه‌زى بۆ 25٪، له ئێستاشدا به‌پێى كۆتا ئامارى ئێمه رێژه‌ى هه‌ژارى له‌نێوان 23 بۆ 25٪یه”.
له‌باره‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى كه زۆرترین رێژه‌ى هه‌ژارییان تێدا تۆماركراوه وته‌بێژى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق ئاشكرایده‌كات: “له‌و ناوچانه‌ى كه له‌ده‌ستى داعش ئازادكراون زۆرجار رێژه‌كه ده‌گاته 41٪، له باشوورى عێراقیش رێژه‌ى هه‌ژارى 32٪ه، پارێزگاى موسه‌ننا یه‌كێكه له‌و پارێزگایانه‌ى كه زۆرترین رێژه‌ى هه‌ژارى تێدایه، چونكه به‌شێوه‌یه‌كى گشتى رێژه‌ى هه‌ژارى 52٪ تێیدا، هاوكات پارێزگاى دیوانیه‌ش به پله‌ى دووه‌م دێت كه رێژه‌ى هه‌ژارى تێیدا 49٪یه”.
به وته‌ى عه‌بدولزه‌هرا هینداوى، “رێژه‌ى هه‌ژارى له پارێزگاكانى ناوه‌ڕاستى عێراق 18٪یه، له لهغداى پایته‌خت 12٪یه له هه‌رێمى كوردستانیش 12٪یه”.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى پلاندانان باس له پلانى وه‌زاره‌ته‌كه‌یان ده‌كات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى رێژه‌ى هه‌ژارى و ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه، “ئێمه وه‌ك وه‌زاره‌ت پلانمانداناوه بۆ پێنج ساڵى داهاتوو بۆ ئه‌نجامدانى چاكسازى، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه رێگرى له‌به‌رده‌م پلان و چاكسازییه‌كانى ئێمه هه‌یه بۆیه گه‌شبین نیم به‌وه‌ى كه بتوانن له‌كاتى دیاریكراوى خۆیدا پلانه‌كه ته‌واوبكه‌ین”.







