بافڵ جەلال تاڵەبانی : یەکێتی حزبێكی رەسەن، خاوەن ئامانج و نوێگەرە و هیچ هێزێك نامانوەستێنێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سهرۆكى یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان | فۆتۆ: SNN
SNN
بافڵ تاڵەبانی لە پەیامێکدا پشتیوانی خۆی بۆ دیداری یەکێتی دەربڕیوە و رایگەیاندوە: “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی رەسەن، خاوەن ئامانج و نوێگەرە. خەبات بۆ مافە نەتەوەیی و نشتمانییەكان دەكات و كار بۆ بنەما سەرەكییەكانی مافی مرۆڤ، ئاشتی، دیموكراسی و مافی چارەی خۆنووسین دەكات”.
باسی لەوەشکردوە، “لەم وێستگەی گۆڕانكارییە ریشەییەدا كە گەڕانەوەیە بۆ سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال، چاكسازی دەكەینە بنەمای نوێبوونەوە و یەكێتی ناو یەكێتی پتەوتر دەكەین. ئۆرگانەكانمان كاریگەر و چالاكتر دەكەین تاوەكو ماندوونەناسە ئەركەكان ڕابپەڕێنن و دڵسۆزانەتر كار بكەن”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا باسی لەوەشکردوە: “ستراتیژێكی دوورمەودای سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و رێكخراوەیی كە خزمەت بە ژینگەی سیاسی و حكومڕانی لە عێراق بكات دەكەینە هەوێنی كاركردنمان”.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، “گەنجە خوێنگەرم و ژنە چالاكەكانمان هێزی لەبن نەهاتووی ئەم حیزبە نوێگەرە دەبن و پێشڕەویی ئەم خەباتە پیرۆزە دەكەن”.
لە درێژەی پەیامەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردوە، “پێشمەرگەی دێرین، زیندانیانی سیاسی، كەمئەندامانی سەنگەر و تێكۆشەران سەرمایەیەكی گەورەی یەكێتیین و ئەزموونەكانیان دەكەینە سەرمەشقی كاركردنمان”.
لە کۆتاییشدا رایگەیاند: “سەربەرزی و سەرفرازیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئامانجی مێژوویی و هەمیشەیی ئەم حیزبە تێكۆشەرەیە، بۆ ئەمەش هیچ هێزێك نامانوەستێنێت”.








