“حکومەتی هەرێم وەک قەزا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە دەکات”

0
519

عەلی حەمەسەعید_SNN

ئەندامێكی لیژنەی دابەشكردنی سوتەمەنی لە پارێزگای هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە تائێستاش وەك قەزایەك مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە دەكرێت و کەمترین بڕی سوتەمەنی بۆ پارێزگاکە تەرخانکراوە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێم.

 

ئاوات محەمەد، ئەندامی لیژنەی دابەشكردنی سوتەمەنی لەپارێزگای هەڵەبجە بەSNNی ڕاگەیاند: لەڕووی دابینكردنی سوتەمەنی بۆ هاووڵاتیان تائێستاش لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە وەك قەزایەك مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە كراوە لەكاتێكدا لەوەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانەسروشتییەكانیش وەك پارێزگا ناومان دێت، بەڵام بری ئەو نەوتەی كە ئێمە داوامانكردووە زۆر لەوەكەمترمان بۆ ڕەوانەدەكرێت ئەمەش گرفتی زۆری بۆ دروستكردوین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لەپارێزگای هەڵەبجە تا ئێستا تەنها بڕی دوو ملیۆن و 600 هەزار لیتر نەوتمان بۆ تەرخانكراوە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمەوە ئەمەش ستەمێكی زۆرمان لێكراوە، لەكاتێكدا پارێزگای سلێمانی 26 ملیۆن لیتر نەوتیان بۆ دابینكراوە، هاوكات پارێزگای دهۆك نزیكەی 15 ملیۆن لیتر و پارێزگای هەولێریش نزیكەی 20 ملیۆن لیتر نەوتیان بۆ دابینكراوە، هاوكات ئەو نەوتەشی كە لەلاین وەزارەتی نەوتی عێراقییەوە ڕەوانەكراوە بە نرخی 90 هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتیان تائیستا تەنها بڕی 11 تانكەر نەوتمان بەدەست گەیشتووە.

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی دابەشكردنی سوتەمەنی لە پارێزگای هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی لە پارێزگای هەڵەبجە گرفتی زۆری بۆدروستكردوین چ لەڕووی دابینكردنی سوتەمەنی بۆهاووڵاتیان و چ لەڕووی مامەڵەی هاووڵاتیان بۆ هەر كارێك دەبێت ڕوو لە پارێزگای سلێمانی بكەین، لەكاتێكدا ماوەی چوارساڵە فەرمانی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی دەرچووە بەڵام جێبەجێنەكراوە.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this