گه‌شتوگوزارى دوكان: نرخى كه‌پره‌ گه‌شتیارییه‌كان 120 هه‌زار زیاتر نییه‌

0
518
به‌نداوى دوكان له‌ پارێزگاى سلێمانى | فۆتۆ: MhamadKorra

SNN-عەلی حەمەسەعید
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان رایده‌گه‌یه‌نێت، نرخی كەپرە گەشتیارییەكان دیاریكراوە و ناهێڵین نرخەكان لە سنوور دەربچن، ده‌شڵێت: “ئه‌مساڵ پێشبینى ده‌كه‌ین ژماره‌یه‌كى زیاتر گه‌شتیار روو له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانى دوكان بكه‌ن”.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 18ى ئازار، ڕێژین ڕەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان بە SNNی راگەیاند، “هاوشێوەی ساڵانی رابردوو ئەمساڵیش ئامادەكاری تەواوكراوە بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیارانی ناوخۆیی و دەرەكی، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دوكان كە ساڵانە بە هەزاران گەشتیار روو لە ناوچەكەمان دەكات خاوەن كەپرە گەشتیارییەكانمان ئاگادار كردووەتەوە، هەرچەندە بازاڕ ئازادە، بەڵام نابێت بە ئارەزووی خۆیان یاری بە نرخەكان بكەن و نرخی كەپرە گەشتیارییەكان هێندە بەرزبكەنەوە كە لە سنوور دەربچێت”.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى گه‌شتوگوزارى دوكان له‌باره‌ى نرخى كه‌پره‌ گه‌شتیارییه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌، “نرخی كەپرە گەشتیارییەكان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە و هەروەها بە گوێرەی رووبەری گەورە و بچوكیان جیاوازی هەیە، هاوكات ئەو كەپرە گەشتیارییانەی كە باج و رسوماتیان لەسەر نییە دەبێت نرخیان كەمتر بێت لەو كەپرانەی كە خاوەندارییان بۆ پرۆژە گەشتیارییەكان دەگەڕێتەوە و باج و رسوماتیان لەسەرە، بەڵام بەگشتی نرخی كەپرێكی گشتیاری بۆ ماوەی 24 كاتژمێر لە 25 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تا 125 هەزار دینار”.

له‌باره‌ى پێشبینییه‌كانیان بۆ هاتنى گه‌شتیار له‌ جه‌ژنى نه‌ورۆزدا ڕێژین ڕەئوف ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، “بارودۆخی سیاسی و ئابوری راستەوخۆ كاریگەری لەسەر رێژەی هاتنی گەشتیاران دەبێت بۆ ناوچە گەشتیارییەكان، بەڵام ئێمە پێشبینی دەكەین ئەمساڵ لە جەژنی نەورۆزدا ژمارەیەكی زۆر زیاتر گەشتیار لە جەژنی نەورۆزی ساڵی رابردوو روو لە ناوچەكەمان بكەن ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا رووی لە كەمی كردووە و ساڵی رابردوو هێشتا ڤایرۆسەكە لەناودا بوو هاتنی گەشتیاران سنووردار بوو”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this