“خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی مۆدێل نزم زياديکردووە”

0
621

SNN-عەلی حەمە سەعید

هاوشێوەی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو خۆراك و شمەكەكانی دیكە، ماوەیەكە رۆژانە نرخی ئۆتۆمبیلیش ڕوو لەبەرز بوونەوەی زیاتر دەكات، بە وتەی خاوەن پیشانگاكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەراورد بە چوارمانگی ڕابردوو نرخی ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزو نوێ‌ زیاد لە %20 زیادیكردووە ئەوەش چەند هۆكارێكی تایبەت بەخۆی هەیە، هەر ئەمەش وایكردووە كە بازاڕی ئۆتۆمبێلە مۆدێل نزمەكان زیاتر گەرمببێت و فرۆشیان زیاتر ببێت.

شكار تۆفیق، خاوەنی پێشانگای شارەزوور بۆ كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە شاری سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: ماوەی چوارمانگ دەبێت ڕۆژانە نرخی ئۆتۆمبێل ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات بەتایبەت براندەكانی نیسان و تۆیۆتا بەراورد بە براندەكانی دیكە بەرزبوونەوەی زیاتریان بەخۆیانەوە بینیوە، بەجۆرێك ئەگەر نرخی  ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان ئاڵتیما بە 15 هەزار دۆلار بفرۆشرایە، لە ئێستادا هەمان ئەو ئۆتۆمبێلە 17 هەزار دۆلار دەفرۆشرێت بەگشتی نرخەكان لە %20 زیادیان كردووە ناشزانین تاكەی ئەم بەرز بوونەوەیە بەردەوامی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: بەرز بوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل زیاتر ئۆتۆمبیلە مۆدێل بەرزو نوێیەكانی گرتوەتەوە بەتایبەت ئەو ئۆتۆمبیلانەی كە بەسفر كیلۆمەتر ناسراون، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخەكانیش دەگەڕێتەوە بۆ كەمی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و هەروەها گرانبوونی ئاسن بەهۆی جەنگی نێوان ئۆكراین و ڕوسیا، هەر ئەوەش وایكردووە كە یەدەگی ئۆتۆمبێلەكان بەكەمی دەستبكەون.

ئەو خاوەن پێشانگایەی ئۆتۆمبێل ئەوەشی خستەڕوو: بەهۆی بەرز بوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێلە مۆدێل بەرزو نوێیەكانەوە، وای لەهاووڵاتیان كردووە روو لەكڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانە بكەن كە بەكارهاتوون و مۆدێل نزمن، چونكە كاتێك هاووڵاتییەك دەبینێت ئۆتۆمبێلێكی كیلۆمەتر سفر بەبێ‌ وەرگرتنی تابلۆ 30 هەزار دۆلاری تێدەچێت ئامادەنییە ئەو بڕە پارەیە بدات و ڕوو لەكڕینی ئۆتۆمبێلێك دەكات كە تێچووەكەی كەمتربێت لە 20 هەزار دۆلار یان 10 هەزار دۆلار لەئێستادا بازاڕی ئەو جۆرە ئۆتۆمبیلانە زۆر گەرمبووە ئەگەر لەهەفتەیەكدا 50 ئۆتۆمبێلی مۆدێل نزم بفرۆشین ئەوا تەنها یەك یان دوو ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی كە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم تایبەت بە SNN دراون ئەوەخراوەتەڕوو: هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە و لە 1/1/2022 تا بەرورای 31/5/2022 لەسەرجەم دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە 52 مۆڵەتی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بە بازرگانان دراوە لەو ماوەیەشەدا 48 هەزار ئۆتۆمبێلی جیاواز لە تایبەت و بارهەڵگر و كرێ بە بەهای 400 ملیۆن دۆلار هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this