هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ به‌ 70%ی كۆى مووچه‌وه‌ خانه‌نشین ده‌كرێن

0
2725
دراوى 25 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هێزەكانی پێشمەرگە لەدوای خانەنشین بوونیشان 70%ی مووچه‌ وەردەگرن، ده‌شڵێت: “گرفت لە یاسای خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆدا هەیە، چونكە لەدوای خانەنشینبوونیان تەنیا 80%ی مووچەی بنەڕەتییان بۆ خەرجدەكرێت”.

عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی راگەیاند، “ئەو یاسایەی ئێستا كاری پێدەكرێت یاسایەكی تاڕادەیەك باشە و تائێستا هیچ پێشمەرگەیەك سكاڵای نەبووە لەو یاسایە، بەڵكو بە پێچەوانەوە زۆرێك لە پلەدارەكانی پێشمەرگە بۆخۆیان داوای خانەنشینبوون دەكەن، چونكە لەدوای خانەنشینبوونیان گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ نایەت بەسەر مووچەكانیاندا”.

له‌باره‌ى ورده‌كارى خانه‌نشینكردنى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌وه‌ عوسمان سێده‌رى ئه‌وه‌شى روونكرده‌وه‌، “ئەگەر پێشمەرگەیەك 45 ساڵی تەمەنی تێپەڕاندبێت و 20 ساڵیش خزمەتی پێشمەرگایەتی هەبێت، ئەوا راستەوخۆ خانەنشیندەكرێت و لەدوای خانەنشینبوونیش  70%ی كۆی گشتی مووچەكەی بۆ خەرجدەكرێت، بۆ نمونە، ئەگەر پێشمەرگەیەك لە دەوامدا ملیۆنێك مووچەی هەبووبێت لەدوای خانەنشینبوونی مووچەكەی دەبێتە 700 هەزار دینار بەبێ‌ دەوامكردن، بەڵام پێشمەرگە لەدوای خانەنشینبوونی هیچ بڕە پارەیەك وەك ئیكرامی وەرناگرێت”.

جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان باس له‌و گرفته‌ ده‌كات كه‌ ئێستا له‌ یاساى خانه‌نشینبوونى هێزه‌كانى ناوخۆدا هه‌یه‌ و روونیشیده‌كاته‌وه‌، “ئەوەی بووەتە گرفت خانەنشینبوونی هێزەكانی ناوخۆیە، چونكە كاتێك كارمەندێكی هێزەكانی ناوخۆ خانەنشین دەبێت تەنیا 80%ی مووچەی بنەڕەتی بۆ خەرجدەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بڕی نزیكەی 20 ملیۆن دینارێك وەك ئیكرامی بۆ خەرجدەكرێت، ئەمە بووەتە جێگەی نیگەرانی هێزەكانی ناوخۆ، چونكە لە 80%ی مووچەی بنەڕەتی بڕێكی زۆركەمە و هەندێك لەوانەی خانەنشین دەبن مووچەكانیان دەبێتە 220 هەزار دینار”.

به‌ وته‌ى عوسمان سێده‌رى، “لە ئێستادا لەهەوڵدان بۆ ئه‌وه‌ى یاسای خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ هەموار بكه‌نه‌وه‌ و پێداچوونەوە بە خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ بكه‌ن”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this