په‌رله‌مان به‌دواداچوون بۆ دابه‌شكردنى نه‌وتى سپى ماڵان ده‌كات

0
461
دابه‌شكردنى نه‌وتى سپى به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
له‌گه‌ڵ دووباره‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وتى سپى ماڵان بۆ 270 هه‌زار دینار لیژنه‌ى وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوون بۆ ئه‌م بابه‌ته‌.

ئارام كەریم، خاوەنی یەكێك لە دوكانەكانی فرۆشتنی نەوتی سپی ماڵان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 1ى ئه‌یلول، بە SNNی راگەیاند، “ماوەی چەند رۆژێكە نرخی نەوتی سپی ماڵان بەردەوام رووى لەبەرزبوونەوە كردووه‌ بە جۆرێك لە ئێستادا نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی ماڵان كە بەرهەمهێندراوی پاڵاوگە ناوخۆییەكانی هەرێمە بە 260 تا 265 هەزار دینارە، هەروەها بەرمیلێك نەوتی سپی كە لە پاڵاوگەكانی عێراقەوە هاوردە دەكرێت نرخەكەی گەیشتووەتە 270 هەزار دینار، ئەوەش دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی پێشوو تر بە 255 هەزار دینار بوو”.

بەگوێرەی زانیارییەكانی SNN، “وابڕیارە كە لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان هەفتەی داهاتوو سەردانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بكەن، بەمەبەستی داواكردن لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی و هەروەها خستنەڕووی رێگاچارەی پێویست بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا”.

له‌باره‌ى شێوازى دابه‌شكردنى نه‌وتى سپى ماڵا له‌ ئه‌مساڵدا كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە SNNی راگەیاند، “ساڵی رابردوو تەنیا 30%ی هاووڵاتییانی هەرێم نەوتی سپییان وەرگرتووە و 70%ی هاووڵاتییان ساڵی رابردوو نەوتیان وەرنەگرت، بۆیە نازانین ئەگەر دەستبكرێت بە دابەشكردنی نەوت بە چ شێوازێك دەبێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this