لە هەرێمی كوردستان 90 بانكی حكومی هەیە بەڵام بانكە ئەهلییەكان تۆكمەترن لە بانكە حكومییەكان

0
460

SNN-عەلی حەمە سەعید
سەرەڕای ئەوەی لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان گرنگییەكی زۆر بە بانكە حكومییەكان دەدرێت و لای هاووڵاتیان جێگای متمانەی زیاتر لە بانكە ئەهلییەكان، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بارەكە پێچەوانە بووەتەوە و بە وتەی شارەزایەكی كاروباری دارایی و بانك، بانكە حكومییەكان لە هەرێمی كوردستاندا هیچ بنەمایەكی بانكییان تێدا نییە و تەنها ئەركی خەرجكردنی مووچەیان لە ئەستۆدایە لە كۆی 90 بانكی حكومی تەنها 20 بانكیان پێكەوە بەستراونەتەوە.

عوسمان محەمەد، شارەزا لەكاروباری دارایی و بانك، بە SNNی ڕاگەیاند: ئەوەی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێدەكرێت لە باواری سیستەمی بانكی لە ئاستێكی زۆر دواكەوتوودایە كە لە هیچ وڵاتێكی ئەم جیهانە پەیڕەو ناكرێت، هەر ئەمەش وایكردووە كە بانكە حكومییەكانی هەرێمی كوردستان هیچ بنەمایەكی بانكییان تێدا نەبێت و ئەركیان تەنها وەك سنودوقێك بۆ خەرجكردنی مووچە فەرمانبەرانە لەكاتی دابەشكردنی مووچەدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستا هیچ جۆرە وەبەرهێنان لە بانكە حكومییەكاندا ناكرێت لەكاتێكدا لەوڵاتانی جیهان بەتایبەت ئەو وڵاتانەی كار بە سیستەمی نوێی بانكی دەكەن بەشێكی زۆری داهاتی ساڵانەی وڵاتەكانیان لەڕێگەی وەبەرهێنانی بانكییەوە بەدەستدەخەن، بۆیە تاڕادەیەك بانكە ئەهلیەكان لە هەرێمی كوردستان باشترن و تۆكمەترن و توانیویانە وەبەرهێنان ئەنجام بدەن بەڵام ئەوە سودەكەی تەنها بۆخۆیانە، چونكە هاووڵاتیان متمانەیان بەبانكی حكومی نییە.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی SNN لە هەرێمی كوردستان 90 بانكی حكومی تۆماركراون، لەكۆی ئەو ژمارەیە تا ئێستا تەنها 20 بانكیان بە سیستمەی ئەلیكترۆنییەوە پێكەوە بەستراونەتەوە لە كاتێكدا ماوەی زیاد لە چوار ساڵە حكومەتی هەرێم بڕیاری پێكەوە بەستنەوەی سەرجەم بانكەكانی داوە تا ئێستا جێبەجێنەكراوە.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this