بڕی باران و بەفربارینی 24 كاتژمێری ڕابردوو راگەیەندرا

0
877

SNN-عەلی حەمە سەعید
بەهۆی ئەو شەپۆلە باران و بەفربارینەی كە ماوەی دوو ڕۆژە ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە ڕێژەیەكی زۆر لە بەفروباران لە شاروشارۆچكەكانی هەرێم باریوە، بەجۆرێك زۆرترین باران لە ناحیەی بیارەی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە باریوە و كەمترین بڕی بارانیش لە قەزای خەباتی سەر بەپارێزگای هەولێر باریوە، هاوكات زۆرترین ڕێژەی بەفریش لە شارۆچكەی تەوێلە باریوە و كەمترین بەفریش لە حاجی ئاوای سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین باریوە.

پشتیوان ئیبراهیم شارەزا لە بواری كەشناسی بە SNNی ڕاگەیاند: هەروەك پێشبینیمان كردبوو بەهۆی ئەو شەپۆلە باران بارینەی كە ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردبوو ڕێژەیەكی زۆر لە بەفروباران سنووری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە كە جێگەی دڵخشی هەموولایەكە و بێگومان لەڕۆژانی داهاتووش بەهەمان شێوەی ئێستا شەپۆلی دیكەی بەفروباران لەم مانگەدا بەردەوامی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بە گوێرەی ئاماری وێستگەكانی كەشناسی لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێژەی جیاواز باران باریوە، بەجۆرێك لە قەزای دەربەندیخان زۆرترین بڕی باران باریوە كە بریتیە لە 20.8 ملیم، هاوكات كەمترین ببڕی بارانیش لە ناحیەی هەڵشۆی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین باریوە، لە پارێزگای هەولێریش زۆرترین بڕی باران لە ڕواندز باریوە كە بریتیە لە 14.6 ملیم و كەمترینیش لە ناحیەی شەمامك باریوە كە بریتە لە 1.1 ملم، لە پارێزگای كەركوكیش زۆرترین باران لە ناحیەی مەیدان تۆماركراوە كە بریتیە لە 15.6 ملم كەمترینیش لە قەزای كفری تۆماركراوە كە بریتیە لە 0.5 ملم.

ئەو شارەزایەی بواری كەشناسی ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا زۆرترین بڕی باران لە ناحیەی بیارەی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە تۆماركراوە كە بڕی 65.3 ملم باران باریوە، لە پارێزگای دهۆكیش زۆرترین بڕی باران لە ئامێدی باریوە كە بریتیە لە 15.6 ملم، هاوكات كەمترین بڕی بارانیش لەسەر ئاستی هەرێم لەقەزای خەباتی سەر بەپارێزگای هەولێر باریوە كە بڕیتیە لە 0.2ملم.

هەر لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا زۆرترین ڕێژەی بەرفربارین لە شارۆچكەی تەوێلەی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە تۆماركراوە كە بریتیە لە بڕی 39 سانتیمەتر، دواتر لە ناحیەی بیارەش بڕی 32 سانتیمەتر و لە ناحیەی بەرزنجەی سە ربە قەزای سەیدسادق 17 سانتیم و لە قەزای پێنجوێن 16 سانتیم و لە قەزاكانی سەیدسادق ماوەت و چوارتا هەریەكە و پێنج سانتیم و بەفر باریوە.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this