لە SNNەوە وادەی پێدانی ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیست بە مامۆستایان و وردەكارییەکەی بزانە

0
875

SNN-عەلی حەمە سەعید

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات سەرجەم ڕێكارەكانی تایبەت بە پیدانی ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیست بە مامۆستایان كۆتایی هاتووە و لە هەفتەی داهاتووەوە پرۆسەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوەش بە گوێرەی چەند مەرجێك كە سەرەكیترینیان دەبێت ئەو مامۆستایەی ئۆتۆمبێلەكە وەردەگرێت مووچەی لەسەروو یەك ملیۆن دینارەوە بێت و دوو كەفیلیش بینێت كە مووچەی هەردوكیان لەسەرو ملیۆنێك و 600 هەزار دینارەوە بێت.

عەبدولواحید محەمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: سەرجەم ڕێكارەكانی تایبەت بە پێدانی ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیستی مانگانە بە مامۆستایان لەگەڵ كۆمپانیای (باجگر) كۆتایی هاتووە و لە هەفتەی داهاتووەوە پرۆسەكە دەچێتە بواری جیبەجێكردنەوە و لە سەرەتاشدا تەنها مامۆستایانی پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك دەتوانن داوای وەرگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە بكەن و لەداهاتوودا پرۆژەكە فراوانتر دەكرێت و مامۆستایانی پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانیش بەهەمان شێوە دەتوانن مامەڵەی وەرگرتنی ئەو ئۆتۆمبیلانە بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، مەرجی سەرەكی بە پێدانی ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیست بەمامۆستایان ئەوەیە كە ئەو مامۆستایەی داوای ئۆتۆمبێلەكە دەكات دەبێت مووچەكەی خۆی لەسەروو یەك ملیۆن دینارەوە بێت و دوو كەفیلیش بهێنێت كە مووچەی هەردوكیان لەسەرو یەك ملیۆن و 600 هەزار دینارەوە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەو مامۆستایەی داوای ئۆتۆمبێلەكە دەكات ئەندامی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بێت و یەكێتی مامۆستایانیش پشتگیری بۆ بكات.

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ئۆتۆمبیلانەی كە دەدرێنە مامۆستایان لە جۆری (جیلی)ن كە دوو جۆر مۆدیل لە خۆدەگرێت مۆدیلی 2021 و مۆدیلی 2023 هاوكات بەشێوەی قیستی مانگانە دەبێت و قیستەكانیش بەگوێرەی جۆر و مۆدێلی ئۆتۆمبیلەكە دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی لەڕووی نرخەوە بە نزیكەی هەزار دۆلار جیاتوازی دەبێت لەگەڵ ئەو نرخانەی كە بەهاووڵاتی ئاسایی دەدرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this