لەمساڵدا هاتنی گەشتیاران بۆ سلێمانی زیادیكردووە وپێشبینی هاتنی زیاد لە 100 هەزار گەشتیار دەكرێت

0
651

SNN-عەلی حەمە سەعید
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات لەماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا زیاد لە 75 هەزار گەشتیار ڕوویان لە سنووری پارێزگای سلێمانی كردووە و پێشبینیش دەكرێت تا چەند ڕۆژی داهاتوو هاتنی گەشتیاران زیاد لە 100 هەزار تێپەڕێنێت و بەراورد بە ساڵی ڕابردووش هاتنی گەشتیاران زیادیكردووە.

ئارام شوانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: بەگوێرەی ئەو ئامارانەی كە لەبەردەستماندا لە ماوەی دوو ڕۆژی پێش هاتنی جەژن لەگەڵ دوو ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، زیاد لە 75 هەزار گەشتیار ڕوویان لە سنوری پارێزگای سلێمانی كردووە كە زیاد لە %90 ئەو گەشتیارانە ئەوانەش كە لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوونەتە سنورەكەمان.

ئاماژەی بەوەشكرد، هاتنی گەشتیاران بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامی هەیە و تۆماركردنی هاتنی گەشتیاران تا پێنج ڕۆژ دوای جەژنیش هەر بەردەوام دەبێت، بۆیە پێشبینی دەكەین لە ڕۆژانی داهاتوو هاتنی گەشتیاران زیاد لە 100 هەزار تێبەڕێنێت، لەكاتێكدا لەجەژنی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوو هاتنی گەشتیاران زۆر كەمتربوو لەو ڕێژەیە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لەمساڵدا هیچ گرفتێك بۆ هاتنی گەشتیاران بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی دروست نەبووە بە تایبەت لەڕووی كردنەوەی هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانە و كافتریاكان، چونكە لە مانگی ڕەمەزاندا بەڵێننامە لەو چێتشخانەو هۆتێلانە وەرگیرابوو كە لەمانگی رەمەزان كراوەبن دەبێت لەڕۆژانی جەژنیش بەكراوەیی بمێننەوە بۆ ئەوەی گرفتی مانەوە بۆ هاتنی گەشتیاران دروستنەبێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this