ئەگەر بەخێرایی دەستنەكرێتەوە بە فرۆشتنی نەوت، گرفتی زۆر گەورە ڕووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە”

0
316

SNN-عەلی حەمەسەعید
ماوەی نزیكەی مانگێكە فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەكانی جیهان ڕاگیراوە و تا ئێستاش هیچ وادەیەك دیارینەكراوە بۆ دەستكردنەوە بە فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش جەخت لەوەدەكاتەوە ئەگەر بە زوویی ئەو گرفتە چارەسەر نەكرێت یاخود پرۆژەیاسای بودجەی گشتی پەسەند نەكرێت، ئەوا هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی گرفتێكی گەورە دەبێتەوە.

دارا سێكانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بە SNNی ڕاگەیاند: بەدڵنیاییەوە ئەگەر بەخێرایی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق پەسەند نەكرێت و پشكی كورد ڕەوانە نەكرێت ئەوا گرفتی سەرەكی بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، چونكە ئەگەر پێشتر دابەشكردنی مووچە بەهۆی داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆوە دابەشبكرایە ئەوا ئێستا داهاتی نەوت نەماوە و بەداهاتی ناوخۆش ناتواندرێت مووچەی تەواوەتی دابەشبكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد،هۆكاری دەستنەكردنەوە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم زیاتر پەیوەندی بە توركیاوە هەیە چونكە هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم ڕێككەوتوون كە دەستبكەنەوە بە هەناردەكردنی نەوت بەڵام توركیا دەیەوێت گەرەنتییەك وەربگرێت و كەمترین زیان بە كۆمپانیا نەوتییەكانی بكەوێت بەهۆی بڕیارەكەی دادگای پاریسەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەو 400 ملیار دینارەی كە لەڕابردوودا لەلایەن بانكی بازرگانی عێراقییەوە بە هەرێمی كوردستان دراوە و بڕیاریشە جارێكی دیكە 400 ملیاری دیكە ڕەوانە بكرێت سەرجەمی قەرزە و لەسەر حكومەتی هەرێم كەڵەكە دەبێت و دەبێت لە پشكی خۆی بیداتەوە لە دوای پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی، بۆیە ئەگەر بە خێرایی دەستەنەكرێتەوە بە هەناردەكردنی نەوت و هەروەها پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجە ئەوا ناتواندرێت لە مانگەكانی داهاتوودا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشبكرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this