ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری رێکخستنەوەی دارایی گشتیی و بەناوەندیکردنی مووچەی پەسەند کرد

0
2951

SNN

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ى ئایار، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كۆبوه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ڕێکخستنەوەی دارایی گشتیی و بەناوەندیکردنی مووچەی پەسەند کرد.

به‌پێى زانیاریه‌كانى پێگه‌ى فه‌رمى حكومه‌تى هه‌رێم، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی پڕۆژە یاسای بودجە فیدراڵ بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ماددە و بڕگانەی پەیوەندیدارن بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 2023ى ئایار، هەندێک لە مادەکانی هەموار کرایەوە و لە ناویشیدا گۆڕانکاری لە ماددەی 12 و لابردنی ئەو دەستەواژەیەی مەترسی بوو لەسەر ناردنی شایستەی دارایی هەرێم.

لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە هەوڵی چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق درا ، کە هەوڵی هەموارکردنەوەی ماددەکانی 13 و 14یان دا و پێشنیارەکانیان دژی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستانە کە رێککەوتنی لەسەرکراوە و لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ پەسەندکراون و لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی 4ى ئایار، پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق جێگیرکراون.

سەرۆکوەزیران کورتەیەکی دەربارەی دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو، کە دەرئەنجام رێکكەوتننامەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی لێکەوتەوە بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هەردوولا و لەسەر بنەمای دەستوور و دابینکردنی شایستەی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەدا، بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی بودجە و ڕێز لە مافە و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت و هیچ هەموارکردن و گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەکە نەکرێت لە دەرەوەی بڕگەکانی رێكکەوتن و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا.

سەرۆکوەزیران دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، بۆیە لەبەرامبەردا حکومەتی فیدراڵیش دەبێت ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دابین بکات .

لە کۆتایی ئەم بڕگەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کە شاندی دانوستانکار بەردەوام بێت لە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بە ئاراستەی پێشێلکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم کە دەستوور جێگیری کردوون و لە ناو رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەت و پڕۆژە یاسای بودجە رەنگیان داوەتەوە.

سەبارەت بە شایستەی دارایی هەرێم لە ماوەی ئەم 5 مانگەی ی ساڵی 2023، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی پەسەندکرد بە ناردنی نووسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی بەغدا، بۆ کارکردن بە ماددەی 13 لە یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی ساڵی 2019، بە رەوانەکردنی یەک لەسەر دوانزدەی خەرجیە کردارییەکانی هەرێم لە ساڵی پێشوو کە لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و وردبینی کراوە، هاوشێوەی ئەو میکانیزمەی کە خەرجیەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی پێ خەرجدەکرێت 1ى كانونى دووه‌م، ەوە و نابێت جیاکاریی بکرێت لە نێوان هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق لەم رووەوە، هەرێمیش ئامادەیە بۆ هەر پابەندییەک بکەوێتە ئەستۆی لەبەر ڕۆشنایی یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێم. دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چەند هەموارکردنێک، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ سەرجەم بڕگەکانی بڕیارەکەی پەسەند کرد بە رەچاوکردنی ئەو هەموارانەی لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامدران. سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران دووپاتی گرنگی ئەم بڕیارەیان کردەوە کە جارێکی دیکە بنەماکانی دارایی گشتی لە هەرێم دادەڕێژێتەوە بە ئاراستەی بە ناوەندییکردنی داهات وخەرجیەکان و بە ناوەندییکردنی مووچە لەسەرتاسەری هەرێم کە کاری لە پێشینەی بێت پێش هەر خەرجیەکی دیکە و پەیڕەوکردنی یەکسانیی و ژمارەی دانیشتووان بۆ خەرجیەکان (جگە لە مووچە) نەک پەیڕەوکردنی دابەشکردنی ڕێژەکاریی لە سەر ئاستی داهاتی پارێزگا.
ئەنجوومەنی وەزیران سەرجەم وەزیرەکانی راسپارد لە ئێستاوە پلانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە دابڕێژن و بۆ زەمانەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، بۆردێکی باڵای پشتیوانی پێکهێنرا بۆ ئاسانکاریی و لابردنی بەربەست و ئاستەنگەکان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو. ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە بەرزکردنەوەی ئاستی دامەزراوە تەندروستییە گشتییەکان و خزمەتگوزارییەکانیانە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کە دەرفەت بدرێت بە ئەنجوومەنی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کە لە هەمانکاتدا ئەندامی ئەنجومەنی وەزارەتن دوا خستنەڕووی بۆ بکەن ، تا ئامادە بکرێت بۆ دەنگدانی کۆتایی لە کۆبونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران.

 

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this