نویترین زانیاری لەبارەی ڕۆشتنی یەكەم كاروانی حاجیانی هەرێم بۆ سعودییە

0
457

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات سەرجەم ئامادەكارییەكانی تایبەت بەڕەوانەكردنی حاجیانی هەرێمی كوردستانیان تەواوكردووە بۆ وڵاتی سعودییە و بەڕێگای وشكانی و ئاسمانی چوار هەزار و 686 حاجی هەرێم دەڕۆنە ئەووڵاتەو ڕۆژی 9/6/2023 یەكەم كاروانی وشكانی و ڕۆژی 12ی ئەم مانگەش یەكەم كاروانی ئاسمانی بەڕێدەكەون.

فارس جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە SNNی ڕاگەیاند: جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بۆ ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە خولێكی یەك هەفتیەمان بۆ ئەوكەسانە كردووەتەوە كە ناویان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەرچووە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی كرداری شێوازی حەجكردن و رێنماییەكانی تایبەت بەوڵاتی سعودییەیان پێبدەین، هاوكات ژمارەی حاجیانی هەرێمی كوردستان لەمساڵدا بریتیە لە چوار هەزار و 686 حاجی.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەر لەمساڵدا بۆ یەكەمجارە كە بەشێك لە حاجییەكانمان لەڕێگەی وشكانی دەچنە سعودییە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە 9/6/2023 یەكەك كاروانی حاجیان بە ڕێگای وشكانی بەرەو سعودییە بەڕێبكەون و هەروەها ڕۆژی 12/6/2023 حاجیانی دیكەی هەرێم لەڕێگەی ئاسمانییەوە بچنە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی حەج.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی جیاوازی نێوان تێچووی ئۆتومبێل و فڕۆكەوە، نرخی حەجكردن بەشێوەی وشكانی هەرزانترە لە رێگای ئاسمانی بەجۆرێك ئەو كەسانەی بەوشكانی دەچن بڕی سێ‌ هەزار و 800 دۆلاریان لێوەردەگیرێت و ئەوانەشی بەڕێگای ئاسمانی حەج دەكەن بڕی چوار هەزار و 500 دۆلاریان لیوەر دەگیرێت، هاوكات تیمی تەندروستی و مامۆستای ئایانی و ڕێنشیاندەر بۆ حاجیانی هەرێم دابینكراوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this