وتەبێژی رەوتەکەی ئەدهەم بارزانی پلانی داهاتویان ئاشکرا دەکات

0
412

SNN

وتەبێژی جوڵانەوە سیاسییەکەی ئەدهەم بارزانی ڕایدەگەیەنێت، هێشتا بڕیاریان نەداوە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەن یاخود نا، دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەی دەیانەوێت لە هەمو هەرێمی کوردستاندا ڕێکخستنی سیاسی دروست بکەن بە ناوچەکانی بادینانیشەوە، چەقی کارەکانیان لە سلێمانی و کەرکوک دەبێت.

وریا سەعید ڕەواندزی، وتەبێژی ڕەوتە سیاسیەکەی ئەدهەم بارزانی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە،”بارەگامان لە زۆر شوێن دەبێت، بە ناوچەی بادینانیشەوە، لە ئێستادا ڕێکخراوەکانمان لە هەندێ ناوچەدا دەستیان بەکارەکانیان کردوە، بەڵام چەقی قورسایی سیاسیمان سلێمانی و کەرکوک دەبێت”.

دەشڵێت، “گفتوگۆمان لەبارەی هەڵبژاردنەوە کردوە، کە ئایە بەشدار بین یاخود نا، بەڵام تا ئێستا بڕیارمان نەداوە، چونکە دەبێت قەبارەت خۆمان بزانین؛ دووەم ئایە دەتوانین داخوازی خەڵک لە ڕەوتە سیاسیەکەمان جێبەجێ بکەین؟ بۆیە تا ئێستا بڕیاری کۆتاییمان نەداوە لەسەر ئەو بابەتە و لە کۆبونەوەکانی داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدەین”.

جوڵانەوە سیاسیەکەی ئەدهەم بارزانی ناوی “هێڵی سێیەمە”، دامەزرێنەرانی دەڵێن ئامانجیان ئەوەیە جیاواز لە حزبە دەستەڵاتدارەکان و ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێستای هەرێم کار بکەن.

وریا سەعید دەڵێت، “ئامانجمان لە هێڵی سێیەم ئەوەیە ئێمە نە بەشێکین لەو حزب و ڕێکخراوانەی کە ئێستا دەسەڵاتیان هەیە لە هەرێمی کورستان، نە بەشێکین لەو معارەزەیەی هەیە، پڕۆژەیەکی سیاسیمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتیانەی بەرۆکی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان گرتوە لە ئەنجامی سیاسەتی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی ڕابردوی کە نەیانتوانیوە ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکەن”.

ئەوەشی خستەڕو، “ئێمە وەک ڕەوتی سێیەم، دژایەتیمان لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسی نییە؛ وە سیاسەت بە ڕق و کینەش ناکرێت، بەرنامەیەکی سیاسیمان هەیە، لەسەر ئەو بنەمایەش توانیومانە کۆمەڵێک خەڵکی سیاسی و ڕۆشنبیر لە ناوە و دەرەوە لە دەوری بەرنامەکەمان کۆ بکەینەوە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this