بەغدا بڕی 906 ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێم کردو لیستی مووچە ڕادەگەیەندرێت

0
1221

SNN-عەلی حەمە سەعید
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی عێراق ڕێكارەكانی ناردنی بڕی 906 ملیار دیناری بۆ سەر ژمارە حسابی بانكی هەرێمی بە كۆتا گەیاند و ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو بڕە پارەیەی ڕەوانەی هەرێم کرد و هەر سبەینێش لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕادەیەگەیەندرێت.

سەرباری ئەوەی وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەیەکدا رەتیکردەوە تائێستا پارە لە بەغداوە خرابێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکە، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بە SNNدراون ئەوە خراوەتەروو ئەمڕۆ نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی عێراقی كردووە بۆ تەواوكردنی ڕێكارە یاسایی و كارگێڕییەكانی ناردنی بڕی 906 ملیار دینار بۆ سەر ژمارە حسابی بانكی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو 906ملیار دینارەخرایە سەر ژمارە حسابی بانكی هەرێم و هەر سبەینێش لیستی مووچەی مانگی شەش بلاو دەكرێتەوە و بەئەگەری زۆر هەر سبەینێ دەست بە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی تەندروستی بکرێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەروو، ئەو بڕە پارەیەی كە ڕەوانەی هەرێم کراوە لەچوارچێوەی پشکی هەرێمە لە پرۆژەیاسای بودجەو مانگەکانی داهاتووش بەهەمان شێوە پارە ڕەوانەدەکرێت و پێویستی بە بڕیاری سەرۆکوەزیران یاخود وەزیری دارایی عێراق ناکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە دوای ئەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیان رەوانەکردووە، وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندبوو: “تا ئەم ساتە هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق”.

جەختیشی کردەوە: ” لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و هیچ دام و دەزگایەکی حکومەتی عێراقەوە هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بەناردنی بودجەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this