پسپۆڕێكى یاسایی هۆكارى ره‌تكردنه‌وه‌ى سكاڵاكه‌ى شاسوار عه‌بدولواحید ئاشكرا ده‌كات

0
409
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ | فۆتۆ: نه‌وه‌ى نوێ

SNN

پسپۆڕێكى یاسایی روونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ هۆكارى ره‌تكردنه‌وه‌ى سكاڵاكه‌ى سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ بۆ گێڕانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ چییه‌ و ده‌ڵێت: “كه‌موكوڕی تێدابووه‌”.

رۆژى سێشه‌ممه‌ 1ى ئاب، ئه‌و سكاڵایه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ و فراكسیۆنى ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق تۆماركرا بۆ گێڕانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، له‌لایه‌ن دادگاى فیدراڵیه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌.

عەبدولقادر ساڵح، پسپۆڕی یاسایی پێش دوو رۆژ له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ى سكاڵاكه‌ پارچه‌ نووسینێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك كه‌ تێیدا به‌ وردى باسى كه‌موكوڕییه‌كانى سكاڵاكه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: گرتنەبەرى رێگاى دادگا بۆ وەرگرتنەوەى مافى فەرمانبەران یان هەرچین و توێژێکى دیکە، جا هەر کەس و لایەنێک ئەنجامى بدات جێگەى دەستخۆشییە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت پێشوەختە زەمینەى پەنابردنەبەر دادگا دیراسە کرابێت و لانیکەم دڵنیایى ئەوتۆ هەبێت لە سەرکەوتنى هەوڵه‌کە، لە خوارەوە لە روانگەیەکى یاسایی و بابەتییەوە چەند کورتە سەرنجێک لەسەر ئەو داوایەى لەبەردەم دادگاى فیدراڵى تۆمارکراوە بە ژمارە (123/ اتحادیه‌/2023) دەخەینەڕوو:
یەکەم: تا ئێستا لەبەردەم دادگاى ناوبراو تانە لە چەندین بڕیاڕى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمدراوە، بەڵام دادگاکە بە هۆکارى تایبەتمەند نەبوون (عدم اختصاص) داواکەى رەتکردۆتەوە، چونکە دادگاکە لەم بارانەدا زیاتر چاودێرى دەستورى بوونى یاسا و بڕیارە تەشریعییەکان دەکات نەک بڕیارەکانى دەسەڵاتى جێبەجێکردن، لەم بارەشدا لە دەیان بڕیاریدا ئەو داوایانەى رەتکردۆتەوە کە لەسەر بڕیارەکانى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى عێراقیش تۆمارکراون. بۆیە بەبڕواى ئێمە ئەم داوایەش لەم رووەوە ئەگەرى زۆرى هەیە رەتبکرێتەوە، چونکە چەندین پێشینەى دادوەریى دادگاکەمان لەم بارەیەوە هەیە.

دووەم: ئەگەر خۆمان رادەستى ئەوە بکەین کە دادگاکە داواکە دەبینێ ئەوا تیانووسى داواکە گرفت و هەڵەى یاسایى تێدایە و بێگومان تیانووسى داواکەش بنەماى کارکردنى دادگایەکە و داوا بەندکراوى تیانووسەکەیەتى (الدعوى محبوسة عریضتها)، وەک لە خوارەوە روونیدەکەینەوە:
1ـ لە داواکەدا داواکراوە بریار بدرێت بە پوچەڵدانان (بطلان) و هەڵوەشاندنەوەى (الغاء) بڕیارى ژمارە (61)ى ساڵى 2020 سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران، لە کاتێکدا بڕیارى ئاماژە بۆکراوە کۆتایى هاتووە لە ئێستادا لە حوکمى نەبوو (معدوم) دایە، چونکە بڕیارەکە کۆتایى هاتووە لە بوارى جێبەجێکردندا، لەم بەرەنجامەشەوە دەردەکەوێت بابەتى داواکە بوونى نییە، چونکە خودى بریارەکە لە کاتى ئێستادا بوونى نەماوە، ئەمە ئەگەر مەبەستى داواکە بۆ رابردوو بێت . بەڵام سەبارەت بە داهاتوو ئەگەر بریارەکەش هەڵوەشێتەوە، ئەوا لەم بارەدا زۆر ئاساییە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەتوانێت بریارێکى دیکە دەربکاتەوە بە ناوەڕۆکێکى هاوشێوەوە و مەبەستى خۆى پێ بهێنێتە دى.
2ـ لە بەشێکى دیکەى داواکەدا داواى هەڵوەشاندنەوەى ئەو ئاسەوارانە کراوە کە لەبەرەنجامى بریارەکەوە کەوتۆتەوە کە ئەگەر مەبەستى تیانووسەکە گەڕانەوەى ئەو پارە لێبراوانەى فەرمانبەران بێت، کە بەرێژەى (21%) لێیان بڕاوە، ئەوا لەم بارەدا دەبوا داواى پابەندکردنى حکومەت بکرایەوە بە گەڕاندنەوەى بڕە پارەکە نەک هەڵوەشاندنەوەى ئەو ئاسەوارانەى لە بڕیارەکەوە کەوتۆتەوە.
لەسەر بنەماى ئەوەى باسکرا، سەرەراى ئەوەى بابەتى داواکە لە تایبەتمەندى دادگاکە نییە، لە هەمان کاتدا داواکە لەڕووى بابەتى داواکەوە کەموکورتى زۆرى هەیە بە جۆرێک دەتوانین بڵێین: “لە بنەڕەتدا داواکە بابەتى نییە، چونکە پێشتر بڕیارە تانە لێدراوەکە زیاتر لە دوو ساڵە کارى پێ ناکرێت و کۆتایى هاتووە”.

بەشی بکە لە
تاگەکانكوردستان
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this