لە چاوەڕوانی گەیشتنی نەوتەكەی بەغدا، هاووڵاتیانی هەڵەبجە ئامادەنین نەوتەكەی هەرێم وەربگرن

0
460

SNN-عەلی حەمەسەعید

بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی پارێزگای هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات بەهۆی زۆری ئەو نرخەی بۆ دابەشكردنی نەوتی حكومەتی هەرێم دایناوە كە بڕەكەی 105 هەزار دینارە، هاووڵاتیان ئامادەنین ئەو نەوتە وەربگرن بەڵكوو لە چاوەڕوانی گەیشتنی نەوتەكەی بەغدان كە بۆ بەرمیلێك بە 50 هەزار دینار دەدرێت بەهاووڵاتیان، ئەمڕۆش یەكەم بڕی ئەو نەوتەی بەغدا گەیشتە هەرێمی كوردستان.

ژیار ئەكرەم، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەوەی نرخی ئەو نەوتەی كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابینكراوە بەرزە و لەتوانای زۆرێك لەهاووڵاتیاندا نییە وەریبگرن، بۆیە لە ئێستادا پرۆسەی دابەشكردنی نەوت لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە ڕاگیراوە، هاوڵاتیان ئامادە نین بۆ 200 لیتر نەوت بە بڕی 105 هەزار دینار بیكڕن و هیچ خواستێكی لەسەر نەماوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هاووڵاتیان چاوەڕێی گەیشتنی ئەو بڕە نەوتە دەكەن كە لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكرێت و پشكی پارێزگای هەڵەبجەش بە جیا دیاریكراوە، هاوكات بڕیارە بە گەیشتنی ئەو نەوتە بۆ بەرمیلێك بڕی 50 هەزار دینار لەهاووڵاتیان وەربگیرێت، بەڵام نازاندرێت ئەو بڕەی بۆمان ڕەوانە دەكرێت بەشی هەموو سنورەكە دەكات یاخود نا.

هەر ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر ئەوەی ڕاگەیاند كە بەشی یەكەمی نەوتە 50 هەزار دینارییەكەی بەغدا گەیشتووەتە هەولێر و هاوكات وابڕیاریشە هەر ئەمڕۆ پشكی سلێمانیش ڕەوانە بكرێت و ڕۆژانی داهاتووش هەمان ئەو نەوتە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و دهكیش ڕەوانە بكرێت كە بڕەكەی بریتیە لە 50 ملیۆن لیتر و بۆ هەر بەرمیلێك بە 200 هەزار دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی SNN لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا  بڕی نزیکەی 207 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە، هاوکات ملیۆنێک خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەند بوون، کە دەکاتە رێژەی زیاتر لە 80%ـی کۆی ژمارەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک هەولێر نزیکەی 94% سلێمانی نزیکەی 69% دهۆک زیاتر لە 79% ی هاۆوڵاتیان نەوتیان وەرگرتووە

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this