نوێترین زانیاری لەبارەی هەمواركردنەوەی پرۆژەیاسای بودجە و ناردنی پشكی كورد لە بودجەی گشتی

0
2128

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات تا پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق هەموار نەكرێتەوە ناتواندرێت بە شێوەیەكی یەكجاری گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بكرێت لەمساڵدا، هاوكات پەرلەمانتارێكی كوردیش جەخت لەوەدەكاتەوە كە لەهەمواركردنەوەی پرۆژە یاسای بودجە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتە سەر بودجەی حاكیمە.

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: ناردنی پشكی كورد لە پرۆژەیاسای بودجە لەم ساڵدا پەیوەستە بە هەمواركردنەوەی چەند بڕگەو مادەیەكی ناو پرۆژەیاسای بودجە، بەتایبەت ئەو مادە و بڕگانەی كە پەیوەستن بە نێوانی هەرێم و بەغدا و باس لە بودجە و پشكی كورد دەكەن، بۆیە ئێمە دەمانەوێت لە هەمواركردنەوەی پرۆژەیاساكەدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتە سەر بودجەی حاكیمە و هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق مانگانە مووچەكانیان وەربگرن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوكاتە دەتوانرێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گەرەنتی بكرێت كە پرۆژەیاسای بودجە هەموار بكرێتەوە، ئەوەش بەدڵنیایی پێویستی بەكات دەبێت، چونكە دەبێت پرۆژەیاساكە بهێندرێتە پەرلەمان و خوێندنەوەی یەكەم و دووەم و سێیەمی بۆ بكرێت، بۆیە بەهەموو ئەگەرەكان ئەو بابەتە دەكەوێتە مانگی داهاتوو.

داراسێكانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: یەكێك لە و بابەتە گرنگانەی كە دەبێت لە گەڵ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان كاری لەسەر بكەین، ئەوەیە كە دەبێت بابەتی مووچە و بودجەی فەرمانبەرانی هەرێم بەلایەكدا بخرێت و چیتر نەكرێتە بابەتێكی سیاسی و ناشكرێت مانگانە بەشێوەی قەرز پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بكرێت و مانگێك مووچە وەربگرن و دوو مانگ وەرینەگرن.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، چارەسەركردنی گرفتی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەتەنها لایەنێك ناكرێت و پێویستی بە كۆدەنگی كوردە، بۆیە دەبێت لەمساڵدا پێكەوە هەموومان شەڕی قووتی خەڵك و فەرمانبەرانی هەرێم بكەین و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان وەك خۆی ڕەوانە بكرێت.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this