وردەکاری ئەو سکاڵایە ئاشکرا بوو کە دژی چەند بەرپرسێکی کورد لە دادگای واشنتن تۆمارکراوە

SNN
ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە ماوەتەوە لە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وەڵامی هەبێت بۆ ئەو سکاڵایانەی لە دادگای فیدراڵی ئەمریکا لە واشنتنی پایتەخت تۆمارکراون، سکاڵاکان لە دژی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ چەندین بەرپرس و دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەسانی ئەمەریکی.
15ی شوباتی 2024، دادگای فیدراڵی لە واشنتن بە فەرمی حکومەتی هەرێمی ئاگادارکردەوە کە دەبێت لە ماوەی 21 ڕۆژدا وەڵامی دادگا بداتەوە لەسەر ئەو سکاڵا یاسایـیانەی لە کەیسی ژمارە 1:24-cv-00278 ئاماژەیان پێکراوە، ئەگەر نا دادگا بڕیار لە دژی تۆمەتباران دەدات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا کە لە راپۆرتێکدا خستوویەتییە روو، تیایدا تەواوی پەڕاوەکانی کەیسەکە و فەرمانی دادگاکەی دەستکەوتووە کە لە لایەن دادگاکەوە بڵاوکراونەتەوە.
ئاماژە بەوەکراوە، سکاڵاکان 3 لایەن کردوویانە، (ڕێکخراوی KURDISTAN VICTIMS FUND ، مەکی ڕەڤەند ، JOHN DOES 1-5000)، ناوی JOHN DOES 1-5000 ، دەستەواژەیەکە لە دادگاکانی ئەمەریکا بەکاردەهێنرێت بۆ ئەو کەسانەی سکاڵای یاسایی تۆماردەکەن و نایانەوێت ناویان ئاشکرا بکرێت، ئیدی دەکرێت یەک کەس بێت یان 5 هەزار کەس بن.
ئەوەخراوەتە ڕوو، هەر سێ لایەن لە ڕێگەی دوو پارێزەرەوە سکاڵاکانیان لە دادگای واشنتن تۆمارکردووە، ئەوانیش پارێزەر Paul Mickelsen کە وەک خۆی دەڵێت زیاتر لە 17 ساڵ ئەزموونی لە کارەکەی هەیە و زیاتر لە 2500 سکاڵای یاسایی لە دادگاکان تۆمارکردووە و بە یەکێک لە باشترین پارێزەرەکانی ویلایەتی ڤێرجینیا دادەنرێت، پارێزەی دووەم James R. Tate ، زیاتر لە 40 ساڵە ئەزمونی لە کارەکەی هەیە و گەیشتووەتە بەرزترین پلەی لێهاتوویی کە پارێزەر دەتوانێت پێی بگات.
هەروەک لە راپۆرتەکەی دەنگی ئەمریکادا هاتووە، هەردوو پارێزەرەکە داوادەکەن بڕی 9 ملیار دۆلار سزای دارایی بسەپێنرێت بەسەر ئەو کەسانەی لە کەیسەکەدا تۆمەتبارکراون بەوەی دەستیان هەبووە لە ئەشکەنجەداندا، بەپێی یاسایەکی ئەمەریکا بۆ پاراستنی قوربانیانی ئەشکەنجەدان، داوادەکەن قوربانییەکان قەربووکردنەکانیان زیاتر بکرێن و بگاتە 3 هێندە.
هەروەها داوای سەپاندنی 9 ملیار دۆلاری دیکە دەکەن بسەپێنرێت بەسەر ئەوانەی تۆمەتبارکراون بەپێی یاسای دژە تێرۆری ئەمەریکا، داوا دەکەن دادگا بڕیاری قەرەبووی قوربانیانی ئەو تۆمەتانە بدات، لەگەڵ ئەوانەشدا داوادەکەن دادگا بڕیار بدات تۆمەتباران تەواوی خەرجییەکانی ئەم کەیسە بدەن.
هاوکات، فایلی کەیسەکە لە 332 لاپەڕە پێکهاتوە و تیایدا سکاڵاکاران ژمارەیەکی پێشومار تۆمەتیان ئاڕاستەی تۆمەتباران کردووە، لەوانە بەرپرسیارێتی لە کۆمەڵکوژی ئیزدییەکان بە دەستی داعش، هاوکاریکردنی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان، کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی بە کەسانی ئەمەریکایشەوە، رفاندنی خەڵکی و بێسەروشوێنکردنیان، سەپاندنی سزای توندی نامرۆڤانە و ناپیشەییانە، سپێکردنەوەی پارە و فرتوفێڵکردن بە ئامانجی خۆدزینەوە لە پێدانی باج بە حکومەتی ئەمەریکا، بە هەدەردانی پارە و کۆمەکەکانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان، قاچاغچێتی بە ماددە هۆشبەرکان، بازرگانیکردن بە چەک، تەزویرکردن، فرۆشتنی دەرمان و مەی و جگەر بە ناوی ئەوەی براند و مارکەی ئەمەریکایین، کاری نایاسایی وەکو درۆکردن لە سوێندخواردنی فەرمی و کۆسپ دروستکردن لە بەردەم کارەکانی دادگا و بردنی داتا و زانیاری لە کۆمپیوتەر، فرتوفێڵکردن لە پرسی کۆچکردن. سەرکوتکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری، لە ڕێگەی کوشتن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردن و هەراسانکردن و شکاندنی ئامێر و کەلوپەلی ڕۆژنامەوانان.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی دەنگی ئەمریکا، لە کەیسەکەدا باس لەوە کراوە، مەسرور بارزانی گرین کارتی هەیە، واتە مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەیی لە ئەمەریکا هەیە، بەو پێیە بە کەسێکی ئەمەریکایی دادەنرێت، هەرچەندە هاووڵاتی ئەمەریکایی نییە، ئەمەش وەک هاندەرێکە بۆ دادگا کەیسەکە لە ئەستۆبگرێت.
بە پێی یاسای ئەمەریکا، ئەگەر کەسێک هەڵگری گرین کارت (کارتی سەوز) بێت و تاوانبار بکرێت دەشێت کارتەکەی لێ وەرگیرێتەوە و کۆتایی بە مۆڵەتی مانەوەی بهێنرێت. بەڵام ئەمەش دەکەوێتە سەر شێوازی تاوانەکەی کە کردوویەتی.
راپۆرتەکە باسی لەو تۆمەتانە کردووە کە بەهۆیەوە سکاڵایان لەسەر بەرزکراوەتەوە، لە یەکێک لە تۆمەتەکان نووسراوە، کەسێک کە ناوی ئاشکرا ناکرێت، ئاشکرای کردووە تۆمەتباران لەگەڵ کەسانی دیکە کارمەندێکی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکایان ڕفاندووە کە بە فەرمی کاری لەسەر سوپای پاسدارانی ئێران دەکرد، پاشان بە شێوەیەکی بێ بەزییانە لێی دراوە هەتا گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەیان لە دۆڵی بارزان فڕی داوە. لە فایلی کەیسەکەدا وێنەی تەرمێک کە لە دارستنانێکدا کەوتووە بڵاوکراوەتە، سکاڵاکاران دەڵێن ئەوە تەرمی ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکاییەیە.
لە تۆمەتێکی دیکەدا نووسراوە، لە گوندێکی هەرێمی کوردستان و لە ژێر پارێزی مەسرور بارزانی و کەسێکی دیکە وێسکی ساختە دەکرێت بە ناوی مارکەی Jack Daniel’s ی ئەمەریکایی و لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت.
تۆمەتێکی تر، دەرمانی ساختە بە ناوی مارکە و براندی ئەمەریکایی دروستدەکرێن و لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن. ساکاڵاکاران دەڵێن مانگانە بە لایەنی کەم 20 ملیۆن دۆلار داهاتی ئەو دەرمانانەیە بۆ ئەو کاربەدەستە باڵایانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بە هەمان شێوە جگەرەی ساختە بە ناوی مارکەی ئەمەریکایی دەفرۆشن، ئەمەش بە پێی یاسای ئەمەریکا مافی خاوەندارێکی مارکەکان پارێزراوە کۆپی کردنی مارکە و مامەڵەکردن پێوەی، دەچێتە خانەی تاوانی سڤیلی و سزای لەسەرە.
جگە لەوانە، سکاڵاکاران دەڵێن ئەو یارمەتییانەی حکومەتی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەرنامە جیاوازەکانی کۆمەک و هاوکاری لەلایەن کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی بارزانییەوە لێیان براوە، وەکو چەک و ئۆتۆمبیلی زرێپۆش و خۆراک و ئامێر و کەلوپەلی پزیشکی و کۆمەکی دارایی هێزەکانی پێشمەرگە، دەشڵێن کەسانی سەربازی و دیپلۆماسی و هەواڵگری ئەمەریکایی دەستیان هەیە لە بردنی ئەو یارمەتییانە لەلایەن بارزانییەوە.
لە لاپەڕەیەکی کەیسەکە سکاڵاکاران دەڵێن، “بەڵگەنامەیان هەیە ئاشکرایدەکات خانمێک لە بنەماڵەی بارزانی خاوەنی 26 کۆمپانیای جۆراوجۆرە و 14 هوتێل و 6 کارگە و 286 کافتریا و 540 ئەپارتمان و 48 ڕێستورانت و 8 سەنتەری جۆراوجۆر و 2 پرۆژەی گەشتیاری و نەخۆشخانەیەک و بانکێک.”
لەم کەیسەدا ناوی بەلایەنی کەم 50 کەس هاتووە کە بەشێکی زۆریان لە بنەماڵەی بارزانین لەگەڵ ئەو کەسانەی لە نزیکەوە کاریان لەگەڵدا دەکەن.
More News
-
بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئایەتوڵڵا فەییاز هێمای میانڕەوی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوو
7 hours لهمهوپێش -
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
11 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
12 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئایەتوڵڵا فەییاز هێمای میانڕەوی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوو
7 hours لهمهوپێش -
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
11 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
12 hours لهمهوپێش


