هاوینی ئەمساڵ وەک پار گەرم نابێت و تەمەنی کورتتر دەبێت

0
95

SNN –

شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، نوێترین پێشبینییەکانی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاتی دەستپێکردنی وەرزی هاوینی ڕاگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات کە “جارێ وەرزی بەهار ئامادە نییە خۆی ڕادەستی وەرزی هاوین بکات”.

جیاوازی نێوان حیساباتی کەشناسی و فەلەکی

ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردەوە: “هەرچەندە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و لە 1ی 6ەوە لەڕووی حیساباتی کەشناسییەوە وەرزی هاوین دەستپێدەکات (بۆ مانگەکانی 6، 7 و 8)، بەڵام لەڕووی حیساباتی فەلەکییەوە 3 هەفتەی تری دەوێت. بۆ ناوچەکانی ئێمە حیساباتی کەشناسی دروسترە، چونکە لەم 3 مانگەدا نزمە پەستانی گەرمی وەرزی زەریای هیندی چالاک دەبێت کە هۆکاری سەرەکی شەپۆلە توند و گەرما هاوینییەکانە”.

شەپۆلێکی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما لە ڕێگایە

سەبارەت بە کەشوهەوای چەند ڕۆژی داهاتوو، شاڵاو هیدایەت ڕایگەیاند: “لە ئەمشەوەوە بۆ ڕۆژانی داهاتوو، بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری باکوور کار دەکاتەوە سەر تەواوی ناوچەکانمان. بەو پێیەش پلەکانی گەرما لە سەرجەم ناوچەکان 5 تا 6 پلە (و لە هەندێک شوێن زیاتریش) دادەبەزن، ئەم دابەزینە زۆرەش تا 5 ڕۆژ یان زیاتر بەردەوام دەبێت”.

باران و خۆڵبارینی لاواز

ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەش کرد، لەمڕۆوە تاوەکو ڕۆژی شەممە بڕێک هەور دێتە سەر ناوچەکە و حاڵەتێکی باران و هەورەبرووسکەی لاواز لە ناوچەی جیا جیا دەڕەخسێت. لەگەڵ ئەمەشدا بڕێک خۆڵبارین دروست دەبێت کە کاریگەرییەکەی زیاتر لەسەر ناوچەکانی باشووری هەرێم، کەرکووک و دەوروبەری دەبێت و لە ناوچەکانی تر لاوازتر دەبێت.

هاوینی ئەمساڵ چۆن دەبێت؟

سەبارەت بە کاتی هاتنی گەرمای هاوین، ئەو شارەزایەی کەشناسی مژدەی ئەوە دەدات کە هێشتا هیچ شەپۆلێکی گەرما بەدەرنەکەوتووە و نزمە پەستانی زەریای هیندی ناچالاکە، ئەوەش بەهۆی جێگیربوونی بەرزە پەستانێکی بەهێز لەسەر هیندستان و زەریای هیندی کە ڕێگرە لە گەیشتنی گەرماکە بۆ هەرێم.

لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: “بەم پێیە، وەرزی گەرمای هاوین لە ناوچەکانمان درەنگتر لە وادەی ئاسایی خۆی دەست پێدەکات؛ هاوینی ئەمساڵ وەک پار گەرم نابێت و تەمەنیشی کورتتر دەبێت لە هاوینێکی ئاسایی”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this