پزیشکی کۆشکی سپی: ترەمپ لە ڕووی جەستەیی و مەعریفییەوە “تەواو شیاوە” بۆ سەرۆکایەتی

0
65

SNN

شۆن باربابێلا، پزیشکی کۆشکی سپی، لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا دەرئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە کە ناوبراو خاوەن کارکردنێکی باشی دڵ، سییەکان و کۆئەندامی دەمارە، جگە لە هەبوونی ئەدایەکی جەستەیی و مەعریفی نایاب. باربابێلا جەختی لەوە کردەوە کە ترەمپ “تەواو شیاوە” بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی سەرۆکایەتی.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ترەمپ زنجیرەیەک پشکنینی وردی بۆ کراوە کە پشکنینی تیشکی (CT scan)، وێنەگرتنی جۆراوجۆری دڵ، پشکنینی شێرپەنجە و چەندین هەڵسەنگاندنی خۆپارێزی تر لەخۆدەگرێت، کە سەرجەمیان لەلایەن 22 پسپۆڕی جیاوازەوە ئەنجامدراون.

ڕاپۆرتە پزیشکییەکە ئاشکرای کردووە کە کێشی سەرۆک ترەمپی تەمەن 79 ساڵ، گەیشتووەتە 108 کیلۆگرام. ئەمەش نیشانی دەدات کە کێشی ناوبراو 6 کیلۆگرام زیادی کردووە بەراورد بەو پشکنینە پزیشکییەی کە لە مانگی 4ی ساڵی 2025 بۆی کرابوو.

سەرەڕای ئەوەی پزیشکەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە “ئەدا و توانای مەعریفی و جەستەیی ترەمپ نایابە”، بەڵام ئامۆژگارییان کردووە کە پێویستە بەردەوام بێت لەسەر هەوڵەکانی بۆ دابەزاندنی کێش، زیادکردنی چالاکی جەستەیی و پەیڕەوکردنی ڕێنماییە خۆراکییە خۆپارێزەکان.

ڕوونکردنەوە لەسەر “شینبوونەوەی دەستەکان” و هەڵئاوسانی پێیەکانی
ڕاپۆرتەکە وەڵامی هەندێک لەو پرسیار و نیگەرانییانەی داوەتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا لە میدیاکاندا دەربارەی تەندروستی ترەمپ داخرابوون:

شینبوونەوەی دەستەکان: ڕوونکرایەوە کە ئەو شینبوونەوەیەی لە چەند مانگی ڕابردوودا لەسەر دەستەکانی ترەمپ دەرکەوتبوو، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی بەردەوامی دەرمانی ئەسپرین و زۆری تەوقەکردن لەگەڵ خەڵکدا.

هەڵئاوسانی پاژنەی پێکان: پزیشکەکان ئەم نیشانەیەیان کە پێشتر دەرکەوتبوو، گەڕاندەوە بۆ تووشبوونی بە سستی درێژخایەنی خوێنهێنەرەکان (chronic venous insufficiency).

ترەمپی تەمەن 79 ساڵ، خۆی پێشتر و لە دوای ئەنجامدانی سەردانە پزیشکییەکە، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندبوو کە ئەنجامی پشکنینەکانی “تەواو نایاب” بوون.

بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە فەرمییە لە کاتێکدایە کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ترەمپ لە تەمەنی 80 ساڵی، گومان و دەنگۆکان سەبارەت بە باری تەندروستی ڕوویان لە زیادبوون کردبوو. هاوکات، ئەم بابەتە هاوتەریبە لەگەڵ گەڕانەوەی مشتومڕە کۆنەکان بۆ گۆڕەپانی سیاسی و میدیایی ئەمریکا سەبارەت بە باری تەندروستی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this