كەربەلاییەكان نەخۆشخانەی ڕوقییە لە پارێزگای هەڵەبجە دروستدەكەن

0
4

عەلی حەمە سەعید-SNN
وەك دەربڕینی وەفا و رێز لەپای ئەو هەوڵانەی كە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ڕوقیە ڕافد ئەنجامدرا، ئەمڕۆ شاندێكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كەربەلا سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان كرد و ئاشكرایانكرد كە لەسەر بودجەی حكومەتی خۆجێی كەربەلا نەخۆشخانەیەك بەناوی ڕوقییە لە هەڵەبجە دروستبكەن.

حسێن شەمەری، سەرۆكی شاندی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كەربەلا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: سەردانەكەمان بۆ پارێزگا بەمەبەستی گەیاندنی ڕێز و دەستخۆشییە بۆ ئەو ئەرك و ماندوو بوونەی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامیاندا لە دۆزینەوەی تەرمی ڕوقیە ڕافدی تەمەن 11 ساڵ لە ماوەكانی هەفتەی ڕابردوودا.

ئاماژەی بەوەشكرد،دەیانەوێت لەسەر بودجەی حكومەتی خۆجێی كەربەلا و هەروەها رێكخراوە خێرخوازییەكانی پارێزگاكە، نەخۆشخانەیەك بەناوی روقیە لە هەڵەبجە دروست بكەن، ئەوەش وەك وەفایەكی بچوك بۆ خەڵكی پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەكەی لەو هەڵوێستەی كە نواندیان لە دۆزینەوە و بەڕێكردنی تەرمی ڕوقییە بۆ زێدی خۆی لە پارێزگای كەربەلا.

سەرۆكی شاندی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كەربەلا جەختیشی لەوەكردەوە كە لە داهاتوودا هەماهەنگی زیاتر و كاری هاوبەشی نێوان هەر دوو پارێزگاكە زیاتر ئەنجام دەدەن كە لەبەرژەوەندی هەردولادا بێت، بۆ ئەومەبەستەش وابڕیارە دوای كۆتایی هاتنی ڕێوڕەسەمەكانی عاشورا، پارێزگاری كەربەلا سەردانی هەڵەبجە بكات و فراوانتر چەند لێكتێگەیشتنێك لە نێوان هەردوولادا واژۆبكەن.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this