جەمال کۆچەر: دواکەوتنی مووچە کاتییە

0
295
جەمال کۆچەر

SNN-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران سەبارەت بە شایستە داراییەکانیان و ئاماژە بەوە دەکات، کە دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەیەکی کاتیی پارەی نەختینە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کە حکومەت دۆسیەی مووچەی خستووەتە سەرووی کارەکانییەوە و ڕوونیشیکردەوە کە ئەو قەیرانەی دروست بووە، کاتییە و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا چارەسەر دەکرێت و پێشبینیشی کرد ڕێکارەکانی خەرجکردن بە تەواوی پێش کۆتایی هەفتە تەواو ببن.

هەروەها ئاماژەی بە ئامادەیی وەزارەتی دارایی کرد بۆ بەردەوامبوونی کارکردن لە ڕۆژانی هەینی و شەممەدا بە مەبەستی تەواوکردنی فەرمانە کارگێڕییەکان و زامنکردنی گەیشتنی شایستە داراییەکان بێ دواکەوتن.

سەبارەت بە دۆسیەی بودجەی گشتیش، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕوونیکردەوە کە حکومەت بەنیازە پڕۆژەیاساکە لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بنێرێت بۆ پەرلەمان و ئاماژەی بەوەدا کە پەرلەمان دەستبەجێ دوای گەیشتنی پڕۆژەکە دەست بە تاوتوێکردنی دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەی وردەکارییەکانی پێش کۆتایی ساڵ، بە شێوەیەک کە ڕێگە بە حکومەت بدات بەرنامەکانی خەرجکردن و گەشەپێدانی خۆی لە چوارچێوەی یاسایی و بوونی دارایی پێویستەوە جێبەجێ بکات کە ئابووری لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بازاڕی نەوتدا بگونجێنێت.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this